رووداو دیجیتاڵ
محەممەد فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی، پەرلەمانتاری پێشووی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد و دەڵێت، هۆکارەکەی تایبەت و خێزانییە.
رۆژی یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، محەممەد فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ دەستلەکارکێشانەوەم پێشکەشی پەرلەمان کردووە." سەبارەت بە هۆکارەکەشی گوتی: "پەیوەندی بە هەندێک بابەتی خێزانی و تایبەتەوە هەیە و هیچ هۆکارێکی دیکەی نییە."
بەپێی مادەی 25 لە پەیڕەوی ناوخۆ، دەستلەکارکێشانەوەی ئەو پەرلەمانتارە لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە دەخرێتە دەنگدان و پێویستە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی پەسند بکرێت. دواتریش سەرۆکایەتیی پەرلەمان نووسراوی فەرمی بۆ دانانی جێگرەوەکەی ئاراستەی کۆمیسیۆن دەکات.
بەگوێرەی ئەنجامی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لوقمان وەردی، بەربژێری دەرنەچووی یەکێتی، کە زیاتر لە 4606 دەنگی هێنابوو، شوێنی محەممەد فەیسەڵ کەریم خان دەگرێتەوە.
محەممەد فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی یەکێک بوو لەو سێ پەرلەمانتارەی یەکێتی کە بە ناوی پەرلەمانتاری سەربەخۆ، بەشدارییان لە دانیشتنی کاراکردنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کرد.


