رووداو دیجیتاڵ
بەهای 100 دۆلار لە هەرێمی کوردستان 170 هەزار دیناری تێپەڕاند. گوتەبێژی بازاڕی دراو لە هەولێر دەڵێ، خواست لەسەر دۆلار زۆرە و بانکی ناوەندیی عێراقیش خستنەڕووی دۆلاری کەمکردووەتەوە.
ئەمرۆ یەکشەمە، کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دراو لە هەولێر بە رووداوی گوت: "بەهای 100 دۆلار لە هەولێر گەیشتووتە 170 هەزار 500 دینار، لە کاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە 168 هەزار و 500 دینار بوو."
لە بارەی هۆکاری ئەم بەرزبوونەوەیە، گوتەبیژی بازاڕی دراو لە هەولێر ئاماژەی بەوەکرد کە "دۆلار لە بازاڕدا کەمبووەتەوە و خواستی لەسەرە. هۆکاری ئەمەیش کەمبوونەوەی خستنەڕووی دۆلارە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە."
هەر ئەمرۆ یەکشەممە، جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دراوی سلیمانی بە رووداوی گوت: "ئەمرۆ 100 دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان 170 هەزار دیناری تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە 170 هەزار 250 دینار".
بە گوتەی جەبار گۆران، ئەم دابەزینەی بەهای دینار سێ هۆکاری سەرەکی هەیە، کە ئەمانەن:
یەکەم: بانکی ناوەندی عێراق خستنەڕووی دۆلاری کەمکردووەتەوە.
دووەم: دینارێکی زۆر لە جۆری 25 هەزار و 50 هەزار دیناری هاتووەتە بازاڕەکان و ئەمەیش وای کردووە خواست لەسەر دۆلار زیاد بکات.
سێیەم: ئەو بازرگانانەی پێش دەستکاریکردنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار ناوی خۆیان بۆ کڕینی شتومەک تۆمارکردبوو، تاوەکو ئێستا یەکلانەبووەتەوە بانکی ناوەندی عێراق بە نرخی کۆنی دۆلار مامەڵەکانیان بۆ دەکات یان بە نرخە نوێیەکە کە 152 هەزار دینارە.
