رووداو دیجیتاڵ
دوێنێ لە کاتی رێوڕەسمی دەرچوونی خوێندنەکەیدا، خوێندکارێکی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر گیانی لەدەستدا. باوکی دەڵێ، کچەکەی بە سکماک نەخۆشیی دڵی هەبووە و لەژێر چاودێریی پزیشکدا بووە.
رۆژی پێنجشەممە رێوڕەسمی دەرچووانی زانکۆی سەلاحەدین لە یاریگەی فرانسۆ هەریری لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، لە رێوڕەسمەکەدا کچێک بە ناوی زینە دەشتی، ناسراو بە (زیلان) دوای ئەوەی لە هۆش چوو و کەوتە سەر زەوی، گیانی لەدەستدا. بینینی دیمەنی لەهۆش چوونەکەی کاردانەوە و هاوسۆزیی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستکرد.
دەشتی عومەر، باوکی زینێ، ئەمڕۆ هەینی بۆ ڤەژین موراد، پەیامنێری رووداو قسەی کرد و گوتی: "دوێنێ خۆمان ئامادە بووین لە یاریگە و چاودێریمان دەکرد، چونکە نەخۆشیی دڵی هەبوو، لە بەرامبەر ئێمە تێپەڕی و کەوتە سەر زەوی، تاوەکو گەیشتمە لای بە ئەمبووڵانس رەوانەی فریاکەوتن کرا، پزیشکەکان هەموو هەوڵێکیان دا، بەڵام بەداخەوە گیانی لەدەستدا".
باوکی زینە ئاماژەی بەوە کرد، کچەکەی لەژێر چاودێریی پزیشکدا بووە و پێنج جۆر حەبی هەبووە رۆژانە بیخوات و دەڵێت: "ئێمە دۆخەکەیمان دەزانی و پێمان گوت کە ماندوو بوو دانیشێت، چونکە ماندووبوون خراپ بوو بۆی، هەرچەند دوێنێ ماندووش نەبوو و رێوڕەسمەکەش بە هێواشی بەڕێوەدەچوو".
دەشتی عومەر گوتی: "هەوڵی زۆرماندا بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی، بردمانە ئوردن و هیندستانیش، بەداخەوە پزیشکەکان نەیانتوانی نەشتەرگەریی بۆ بکەن، بۆیە بەردەوام هەموومان ئاگامان لێی بوو، لەبەر ئەو دۆخەی هەیبوو کەس لە قسەی دەرنەدەچوو و هەمووان زۆریان خۆش دەویست".
باوکی زینە باسی لەوەش کرد، خۆی جلوبەرگی بۆ ئاهەنگی دەرچوونی کچەکەی ئامادە کردووە کە بە شێوەیەک بێت بتوانێت پێڵاوێک لەپێ بکات کە ماندوو نەبێت.
کاتێک زینە لە رێوڕەسمەکەدا دەکەوێت، هاوڕێکانی بەردەوامن لە رۆیشتن و بەلایدا دەڕۆن، ئەوەش کاردانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستکرد، باوکی دەڵێت: "دوو کچ لە کۆلێژەکەی دەیانزانی کچەکەم نەخۆشە و زۆر هاوڕێی بوون، یەکێکیان دەڵێت زینە پێش ئەوەی بکەوێت بە دەست ئاماژەی بۆ کردوون ئەوان نەوەستن لە رێوڕەسمەکە و بەردەوام بن لە رۆیشتن".
زینە کە ناسراوە بە زیلان، دوێنێ پێش رێوڕەسمەکە وێنەی تایبەتی گرتووە؛ باوکی گوتی: "کچەکەم دوێنێ زۆر دڵی خۆش بوو، وەکو ئاماژەیەکیش بۆ باشیی تەندروستی گوتی باوکە خۆم خۆم ئامادە کردووە. پێش رێوڕەسمەکەش دەیگوت حەز دەکات دوای تەواوکردنی خوێندن لە جێگەیەک دابمەزرێت و کار بکات".

