رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بەبۆنەی تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر ئازادکردنی شنگال لە دەستی داعش راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای جێبەجێکردنی تەواوەتیی رێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی هێزە چەکدارە نایاساییەکان لەو ناوچەیە دەکات.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، 11 ساڵ لەمەوبەر لە هەڵمەتێکی پێشمەرگەدا بە فەرماندەیی سەرۆک بارزانی و بە بەخشینی 500 شەهید و 3000 بریندار، شنگال و چیای شنگال ئازادکران. پەرلەمانی کوردستان سەرکۆنەی هەر هەوڵێکیش دەکات کە دۆز و قوربانیدانی کوردانی ئێزدی بۆ مەبەستی سیاسی بەکاربهێنێت.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان جەخت لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال دەکاتەوە و دەڵێت: "پێویستە خەڵکی شنگال و ئێزدییەکان خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن و هێزە چەکدارە نایاساییەکان ناوچەکە جێبهێڵن."
هاوکات داوای گەڕانەوەی شکۆمەندانەی ئاوارەکان و قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی زیانلێکەوتووانی ئەو تاوانە دەکات کە بە جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناوی دەبات.
دەقی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان:
خوشک و برا ئێزدییە خۆڕاگرەكانمان
جەماوەری سەربەرزی كوردستان
دوای ئەوەی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لەگەڵ هاتنیدا هەموو ئامراز و ڕێگەیەکی دژ بە بەها ئاینی و مرۆڤایەتییەکان گرتەبەر بۆ تێکدانی دیمۆگرافیا و شوناسی نەتەوەیی و ئاینیی هەزاران ساڵەی ناوچەکە و تێکدانی پەرستگاکان و بە زۆر گۆڕینی ئاین و باوەڕی دێرینیان و کوشتنی بە کۆمەڵ و بە کۆیلەکردنیان و دەستدرێژیی هەمەچەشنە، کە دواجار ئەم جۆرە تاوان و ڕەفتارە دزێوانە لە ژێر ڕۆشنایی یاسای نێودەوڵەتاندا دەچنە خانەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جینۆسایدەوە. بۆیە بە هەڵمەتێکی کەموێنەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بە فەرماندەیی مەیدانیی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، لەڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا بەر لە (11) ساڵ، شنگاڵ و چیای شەنگاڵی ئازیز بە خوێنی ئاڵی (٥٠٠) شەهید و (٣٠٠٠) برینداری پێشمەرگە لە دەستی چەتەکانی داعش، ئازادکرا و ئاڵای کوردستان لە ئاسمانیدا شەکایەوە
.
ئەم ساڵیادە تەنیا یادکردنەوە نیە، بەڵکو بەرزڕاگرتنی خۆڕاگریی بێوێنەی خوشک و برا ئێزدییەکانمانە کە ڕووبەڕووی تاوانی جینۆساید بوونەوە و هیچ هێزێک نەیتوانی ئیرادەیان بشکێنێت، هەروەها ڕێزگرتنە لە قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان، كە بەخوێنی خۆیان ئەو داستانەیان تۆماركرد و سەلماندیان ڕێگە نادەن بەشێك لە گەلەكەمان لەژێر ستەمدا بژیەت.
لەسەكۆی ئەم یادەوە جەخت دەکەینەوە کە پاراستنی مافە دەستوری و نەتەوەییەکانی خوشك و برا ئێزدییەکانمان بەشێکی دانەبڕاوە لە بەرنامە و كارو چالاكیەكانمان لە پەرلەمانی كوردستان، بەردەوام دەبین لە گەیاندنی دەنگی شنگال و كوردانی ئێزدی بە جیهان و سەركۆنەی هەر هەوڵێک دەكەین کە دۆز و قوربانیدانیان بۆ مەبەستی سیاسی بەکاربهێنێت. هەروەها داوا دەکەین ڕێککەوتنامەی شنگال بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، پێویستە خەلکی شنگال و ئێزدیەکان خۆیان بریار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن، هێزە چەکدارە نایاساییەکان ناوچەکە جێبهێڵن، ئاوارەکان بە شکۆمەندی بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و لەسایەی ئارامیدا بژین، و ساڕێژی برینەكانیان بكرێت و قەرەبووی ماددی و مەعنەویی زیانەكانیان بكرێتەوە.
سەری ڕێز بۆ ڕۆحی پاکی قوربانیانی جینۆسایدی كوردانی ئێزدی دادەنەوێنین..
سڵاو بۆ خەبات و بەرخۆدان و قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەكانمان..
سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان
13-11-2026


