رووداو دیجیتاڵ
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە شەپۆلێکی سەرمای تووند هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و ئەمڕۆ پلەی ژێر سفر لە چەند ناوچەیەک تۆمار کرا. کەشناسی رایدەگەیێنێت، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە. کەشناسێکیش پێشبینی دەکات، هەفتەی داهاتوو ئەو سەرمایەی ئێستا نەمێنێت.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئەمڕۆ کەش ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت؛ پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە".
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-11-2026 نزمترین پلەی گەرمای لە حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر تۆمار کردووە کە دوو پلە ژێر سفرە و لە قەزای بازیان لە پارێزگای سلێمانی یەک پلە ژێر سفر تۆمار کراوە. هەروەها لە سەنتەری هەولێر نزمترین پلە چوار پلە بووە، لە سلێمانی سێ پلە، دهۆک چوار پلە و لە هەڵەبجە سێ پلەی سیلیزی بووە.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو بارستەهەوا ساردەی چەند رۆژێکە ناوچەکەمانی گرتبووەوە لە ئەمڕۆوە کاریگەرییەکانی بەرەو لاوازبوون دەچێت و پلەی گەرما دەست دەکات بە بەرزبوونەوە و رەشەباش کۆتایی دێت".
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە، "هەفتەی داهاتوو بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما چوار بۆ پێنج پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە و دۆخەکە بەتەواوی ئاسایی دەبێتەوە".
لەبارەی بارانبارینیشەوە شاڵاو هیدایەت پێشبینی کرد، لە دوای 20ی ئەم مانگەوە شەپۆلێکی دیکەی سەرتاسەریی باران هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، سبەی پلەی گەرما "کەمێک" بەرزتر دەبێتەوە و بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 18 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 16 پلەی سیلیزی
دهۆک: 18 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 16 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 17 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 19 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 22 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: نۆ پلەی سیلیزی
پیرمام: 14 پلەی سیلیزی



