رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاهەنگی دەرچوونی زیاتر لە 5500 قوتابی لە سێ زانکۆی هەرێمی کوردستان (سەڵاحەدین، گەرمیان و زانکۆی کوردستان - هەولێر) بەڕێوەدەچێت.
د. سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ پێنجشەممە خولی 45ی ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی سەڵاحەدین لەژێر ناونیشانی 'بەیەکەوەژیان و ئاسوودەیی' بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت."
د. سامان روونیکردەوە، لەم خولەدا 4093 قوتابی بڕوانامەی بەکالۆریۆس و 1253 قوتابییش بڕوانامەی خوێندنی باڵا (ماستەر، دکتۆرا و دبلۆمی باڵا) وەردەگرن.
زانکۆی سەڵاحەدین خاوەنی 17 کۆلێژ و 88 بەشی ئەکادیمییە، کە تێیاندا 25 هەزار قوتابی دەخوێنن و لەلایەن 2500 مامۆستا و 6500 فەرمانبەرەوە بەڕێوەدەبرێت.
زانکۆی گەرمیان؛ 751 قوتابی لە یاریگەی شێروانە ئاهەنگ دەگێڕن
لە لایەکی دیکەوە د. دەشتی عەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی گەرمیان بە رووداوی گوت، "ئەمڕۆ کاژێر 14:00ی پاشنیوەڕۆ لە یاریگەی شێروانە لە کەلار، خولی 12یەمی ئاهەنگی دەرچووان بەڕێوەدەچێت و تێیدا 751 قوتابی بڕوانامەی بەکالۆریۆس وەردەگرن."
سەبارەت بە بەشە نوێیەکانیش، د. دەشتی گوتی، "ئەم ساڵ کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان، پەروەردەی تایبەت، بەشی وەرگێڕان، بایۆمێدیکاڵ و مامۆستای ناو پۆل کراونەتەوە."
زانکۆی گەرمیان خاوەنی 500 مامۆستا و 1200 فەرمانبەرە.
زانکۆی کوردستان - هەولێر؛ 690 قوتابی بڕوانامە وەردەگرن
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، زانکۆی کوردستان - هەولێر (UKH) خولی نوێی دەرچووانی بەڕێوەدەبات و تێیدا 690 قوتابی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە بەشە جیاوازەکاندا وەردەگرن.
زانکۆی کوردستان لە ساڵی 2006 لە هەولێر دامەزراوە و ئێستا خاوەنی 3044 قوتابییە کە بەسەر چوار کۆلێژی سەرەکیدا (زانست و ئەندازیاری، پزیشکی، زانستە مرۆییەکان، بەڕێوەبردن و ئابووری) و 67 بەشدا دابەش بوون.

.jpeg&w=3840&q=75)

