رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات، کە بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە و تاوەکو ئەمڕۆ تۆمار نەکراون، پەیوەندییان پێوە بکەن.
لە راگەیێندراوەکەدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-11-2026 بڵاوکراوەتەوە هاتووە: "ئەوانەی تیمەکانی ناوەندی قەیرانەکان نەچوونەتە ماڵیان و خەمڵاندنیان بۆ نەکراوە بۆ زانینی زیانەکانی لافاو، هەروەها ئەوانەی لە کاتی سەردانی تیمەکاندا لە ماڵ نەبوون و ئەوانەی ئۆتۆمبێلەکانیان زەرەر و زیانیان پێگەیشتووە پەیوەندیمان پێوە بکەن".
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تۆمارکردنی زیانەکان لە قۆناخی کۆتاییدایە، بۆیە داواکارین هەرکەس بە هەر هۆکارێک زیانەکانی تۆمار نەکراوە پەیوەندی بکات و دواتر نەڵێت لەبیر کراوە".
پارێزگای هەولێر دوو ژمارەی بڵاوکردووەتەوە و داوای کردووە لە رێگەی واتساپەوە پەیوەندییان پێوە بکرێت و ئەمانەن:
ئەوانەی زیان بەر ماڵیان کەوتووە: 07516407861
ئەوانەی زیان بە ئۆتۆمبێلەکانیان کەوتووە: 07512146500
شەممە 07-11-2026 شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتەوە و بەهۆیەوە لە هەولێر لافاو دروست بوو، لە ئەنجامدا دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و دەیان ماڵ و ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەرکەوت.



