رووداو دیجیتاڵ
حیزبی شیوعیی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، شەممە لە زاخۆوە تاوەکو خانەقین بەشداری لە گردبوونەوەیەکی جەماوەریدا بکەن و داوای یەکگرتوویی بکەن بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان.
راگەیێندراوەکەی حیزبی شیوعی بە دروشمی "هەرێمێکی یەکگرتوومان دەوێت" بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "بانگەوازی هەموو لایەکتان دەکەین بۆ دەنگهەڵبڕین و پێکەوەنانی بەرەیەکی فراوانی جەماوەری، لە پێناو پاراستنی هەرێمی کوردستان لە مەترسیی لێکترازان و دابەشبوون".
سوبحی مەهدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گردبوونەوەکە لەبەردەم بارەگاکانمان دەبێت لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان و لە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی شەممە 14-11-2026 بەڕێوەدەچێت".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعی لەبارەی ئامانجەکەیانەوە گوتی: "گردبوونەوەکە دژی ئەم دۆخەیە کە دروستکراوە و باس لە دابەشبوونی هەرێمی کوردستان دەکرێت و هەموومان دژی ئەوە داوای یەکگرتوویی دەکەین".
سوبحی مەهدی گوتیشی: "یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی گردبوونەوەکە خراپیی دۆخی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانە کە سەرەڕای ئەو دۆخەش، دوو حیزبی دەسەڵاتدار بێباکن و باس لە دووئیدارەیی و کەرتبوونی هەرێمی کوردستان دەکەن".
حیزبی شیوعی داوای لە رێکخستنەکانی حیزبەکەی و هاووڵاتییان و رێکخراوەکان کردووە، شەممە لە ناڕەزایەتییەکی هێمنانە و ئاشتیخوازانەدا بەشداری بکەن و خاوەندارێتی لە هەرێمێکی یەکگرتوو، ئازاد و دیموکراسی بکەن.
دەقی راگەیێندراوەکەی حیزبی شیوعیی کوردستان:
بانگەوازی مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی کوردستان بۆ ناڕەزایەتییەکی سەرتاسەری
هاونیشتمانیانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان..
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە دێرینەکان، زیندانیانی سیاسی، گەنجان و لاوانی نیشتمان..
لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی مێژووییمان و قوربانییە گرانبەهاکانی حیزبمان و تەواوی هێزەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان، بانگەوازی هەموولایەکتان دەکەین بۆ دەنگهەڵبڕین و پێکەوەنانی بەرەیەکی فراوانی جەماوەری، لە پێناو پاراستنی هەرێمی کوردستان لە مەترسیی لێکترازان و دابەشبوون.
لێرەوە داوا لە سەرجەم رێکخستنەکانی حیزبی شیوعی، هاووڵاتیانی دڵسۆز، رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، لایەنە سیاسییەکان و هەموو نیشتمانپەروەرێک دەکەین، بە میکانیزمی مەدەنییانە جووڵەیەکی هێمنانە و ئاشتیخوازانەی ناڕەزایەتی بەرپا بکەن. ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر، ئەرکی نیشتمانیی هەموومانە خاوەندارییەتی لە هەرێمێکی یەکگرتوو، ئازاد و دیموکراسی بکەین.
لەژێر دروشمی 'هەرێمێکی یەکگرتوومان دەوێت'، شەممە 14-11-2026 بارەگاکانی حیزبمان لە زاخۆوە تاوەکو خانەقین دەکەینە شوێنی دەربڕینی ناڕەزایەتی و داواکارین هەموو لایەک پاڵپشتی بکەن.
مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی کوردستان


.jpeg&w=3840&q=75)
