رووداو دیجیتاڵ
چوار سەرچاوەی باڵای جیاواز لە تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێن، ئاگادار کراونەتەوە لە ئەمڕۆوە لە پۆستی بەڕێوەبەرەوە تاوەکو جێگری سەرۆکوەزیران پابەندی بڕیاری سەرۆکی حیزبەکەیان بن و نەچنەوە دەوام.
یەکێک لە وەزیرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پشکی یەکێتی، ئەمڕۆ یەکشەممە 08-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ نەچووینەوە دەوام و لە وەزارەت دەوام ناکەین".
هەروەها نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە رووداوی راگەیاند: "هەموو تیمی یەکێتی لە حکومەت لە ئەمڕۆوە ناچنەوە سەر کار، بەڵام ئامادەن لە ماڵەوەش بێت، کاروباری هاووڵاتییان رایی بکەن".
هەر ئەمڕۆ دوو سەرچاوەی جیاواز لە تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداویان گوت: "بە فەرمانی حیزب، لە ئەمڕۆوە بەرپرسانی یەکێتی کە لە حکومەت پۆستیان هەیە ناچنەوە سەر کارەکانیان لە وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکان".
ئاماژەیان بەوە کرد، هیچ وەزیر و بەرپرسێکی یەکێتی ئەمڕۆ ناچێتەوە دەوام و دوێنێ بەفەرمی لەوە ئاگادار کراونەتەوە.
بەگوتەی سەرچاوەکانی رووداو، ئەمڕۆ ئەم پۆستانەی کە لای یەکێتین نەچوونەتەوە دەوام:
بەڕێوەبەر
جێگری بەڕێوەبەری گشتی
بەڕێوەبەری گشتی
راوێژکاری وەزارەت
بریکاری وەزارەت
سەرۆکی دەستە
وەزیر
جێگری سەرۆکوەزیران
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
پێنجشەممە 05-11-2026، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حیزبەکەی و رۆژێک دوای کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لە هەولێر کە بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتاری پارتی و لایەنەکانی دیکە پەرلەمان کارا کرایەوە، رایگەیاند: "لە ئەم دەقەیەوە لەم حکومەتە دەکشێینەوە.. هەموو هێزمان بەکاردەهێنین خەڵکی خۆمان لە دەڤەرەکەی خۆمان چییان پێویستە بۆیان بکەین".

.jpeg&w=3840&q=75)
.jpeg&w=3840&q=75)