رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، پێشبینی بارانی دوێنێ شەوی هەولێریان کردبوو، بەڵام بڕەکەی نەزانراو بوو؛ ئاماژە بەوەش دەکات، شەپۆلەکە ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت بەڵام لاوازتر.
رۆژی یەکشەممە، 8ی تشرینی یەکەمی 2026، فازل ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "رۆژانە پێشبینییەکانی کەشوهەوا رادەستی پارێزگاکان، شارەوانی و وەزارەتەکان دەکرێ. پێشبینی چڕبوونەوەی بارانەکەی شەوی رابردووی هەولێر کرابوو، بەڵام رێژەی دابارینەکە نەزانراو بوو. "
سەبارەت بە بەردەوامی شەپۆلەکە، فازڵ ئیبراهیم گوتی، ئەمڕۆش شەپۆلی بارانبارین بەردەوام دەبێت، بەڵام بە شێوەیەکی لاوازتر؛ سبەی دووشەممەش کەشەکە ئاسایی دەبێتەوە.
بە پێی بڵاوکراوەی رۆژی شەممەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، "لە دوای نیوەڕۆوە، لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان پێشبینی بارانی بەلێزمە و هەورە برووسکە دەکرێ، بە تایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی، سەنتەری پارێزگای هەولێر، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەشێک لە باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان."
ساتی درووستبوونی لافاوەکە
دەوروبەری کاژێر 5:30ی ئێوارەی شەممە، بارانی بەخوڕ لە شاری هەولێر دەستیپێکرد، بەڵام کاژێر 7:00 بارانەکە چڕ بووەوە و بە گوتەی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دوو کاژێردا نزیکەی 80 ملم باران باری و وردە وردە ئاو رێگە و بانی داپۆشی، مەنهۆڵەکانی پڕکرد و بەشێکی نزمەپردەکان پڕ ئاو بوون.
پێش کاژێر 9:00ی شەو، بەرپرسانی شارەکە داوایان داوا لە هاونیشتمانییان کرد "بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە."
دواتر بەرپرسانی شارەکە رایانگەیاند: "دوو هاونیشتمانی بە ناوەکانی (محەممەد رەسووڵ و مستەفا سەرکەوت) بەهۆی لافاوەکەوە گیانیان لە دەستداوە."
چیرۆکی گیانلەدەستدانی محەممەد رەسووڵ
لەبارەی خنکانی محەممەد رەسووڵەوە، رووداو زانیویەتی لە کاتی لافاوە بەهێزەکەی هەولێر، لە ماڵی خۆی چووەتە دەرەوە ویستویەتی گەنجێکی گیرخواردوو لەسەر ماتۆڕ رزگاربکات.
محەممەد گەنجەکەی رزگارکردووە، بەڵام خۆی بەر لافاو کەوتووە و گیانی لەدەستداوە.رەسووڵ باوکی محەممەدە و بە رووداوی گوت: "خۆم لە ماڵ بووم، تەلەفۆنیان بۆ کردم و گوتیان فریای محەممەد بکەوە و ئاو بردوویەتی".
محەممەد تەمەنی 28 ساڵ بوو، ژیانی هاوژینی پێکهێنابوو و منداڵێکی تەمەن ساڵ و نیوی لەدوای خۆی جێهێشتووە.
گیانلەدەستدانی مستەفا سەرکەوت
لەبارەی مستەفا سەرکەوت، منداڵە 5 ساڵانەکە، بەپێی گێڕانەوەی کەسوکاریان بۆ رووداو، باوکی مستەفا، لە گەڕەکی هەولێری نوێ دابەزیوە کولێرە بکڕێ و منداڵەکە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بووە.
دوای چەند کاژێرێک، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئۆتۆمبێلەکەیان دۆزییەوە، بەڵام دەبینن کە منداڵەکە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا خنکاوە.
هۆکاری درووستبوونی لافاوەکە
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کەلەگەڵ تیمەکان چووە یەکێک لەو شوێنانەی لافاوی لێ دروستببوو، بە رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداوی گوت: "پێشبینیی دەکرا 30 ملم باران لە هەولێر ببارێ، بەڵام بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان تەنیا لە دوو کاژێریی ئێوارەدا نزیکەی 80 ملم باران باری و هەر ئەوەش هۆکاری سەرەکی دروستبوونی لافاوەکە بوو."
ئومید خۆشناو باسی لە لافاوەکە کرد و گوتی: "پێشتر بارانبارین لە هەولێر بە شێوەی پچڕپچڕ بوو، ئەگەر لافاویش دروست بوایە لە چەند شوێنێک درووست دەبوو، بەڵام لافاوەکەی ئەمشەو زۆربەی شوێنەکانی هەولێری گرتەوە، ئەمەیش وای کرد زیانێکی زۆر بەر هاونیشتمانییان بکەوێت."
هەرچەندە لافاوەکە بەشی زۆری گەڕەکەکانی هەولێری گرتەوەە، بەڵام پشکی شێری زیانەکان بەر گەڕەکەکانی شێخ ئەحمەد و هەولێری نوێ و سێبەردان و گڵکەند، شەقامی 100 مەتری و شەقامی 150 مەتری کەوت.
زیانەکانی لافاوەکە و قەرەبوو
لە بارەی زیانەکانەوە، پارێزگاری هەولێر روونی کردەوە، "سەرجەم ئەو تیمانەی ئێستا لە شەقامەکانن کاری سەرەتایی دەکەن، ئەوەی گرنگە سەلامەتیی هاونیشتمانییانی شارەکەیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە زیانێکی زۆر بە ماڵ و دووکان و شوێنی کاری هاونیشتمانییان کەوتووە و سەتان ئۆتۆمبێل ژێرئاو کەوتوون. تاوەکو ئێستاش هیچ بڕیارێک نییە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتووان."
راگەیاندنی پشوو
لەگەڵ بەردەوامی بارانبارین، هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان چوونە سەر هێڵ و رایانگەیاند، "دەسەڵاتی راگەیاندنی پشوو دراوەتە دەست پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان."
کاژێر 11ی شەو، پارێزگاری هەولێر لەبەر سەلامەتی گیانی هاونیشتمانییان پشووی لە پارێزگاکە راگەیاند و گوتی: "سبەی یەکشەممە لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە باخچەی ساوایان تاوەکو زانکۆ، بە حکومی و ئەهلییەوە، پشووی فەرمی بێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان رووداو، "ئەمڕۆ یەکشەممە هەڵمەتێکی فراوان لەلایەن سەرجەم تیمە فریاگوزارییەکان و هەر شەش شارەوانییەکەی پارێزگای هەولێر بۆ پاککردنەوەی شەقام و شوێنە گشتییەکان و ماڵەکان دەستپێدەکات.
.jpeg&w=3840&q=75)


