رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر دەڵێ، بەهۆی لافاوی شەوی رابردووەوە بەشێکی پارکەکانی شارەکە زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
ئاکۆ خۆشناو، گوتەبێژی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە 08-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بێگومان بەهۆی بارانی زۆر و لافاوەوە بەشێکی پارکەکان زیانی زۆریان بەرکەوتووە، بەتایبەت ئەو پارکانەی دەکەونە رێگەی کۆیە و کەسنەزان".
گوتەبێژی ئەندازەی پارکەکان دەڵێت، پارک و سەوزاییەکانی چوارڕێیانی کاکەزیاد و پارکی کانیاو زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە؛ ئاماژەی بەوەش کرد: "بەشێکی زۆری پارکە بچووکەکانی گەڕەکەکانیش زیانی زۆریان بەرکەوتووە".
ئاکۆ خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد، نزیکەی 500 کارمەندیان سەرقاڵی خاوێنکردنەوەی پارکەکانن و دواتر ئاماری وردی زیانە ژینگەییەکان دەخەنەڕوو.
هەر بەهۆی لافاوەکەی شەوی رابردووەوە، بەشێکی رێگەکانی شاری هەولێر ئاستەنگیی هاتووچۆیان بۆ دروستبووە و تیمەکانی شارەوانی سەرقاڵی کردنەوەی رێگەکانن.
لافاوەکەی شەوی رابردوو زیانی گیانی و مادیی لێکەوتەوە. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە رووداوی گوت، جگە لە گیانلەدەستدانی دوو هاونیشتمانی، دەیان ماڵ ئاویان تێچوو و چەندین ئۆتۆمبێلیش ئاو بردنی یان ئاویان تێچووە.
ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستدا، پیاوێکی 25 ساڵ بوو بە ناوی محەممەد رەسووڵ لەگەڵ منداڵێکی پێنج ساڵ بە ناوی مستەفا سەرکەوت.

.jpeg&w=3840&q=75)

