رووداو دیجیتاڵ
رۆژی شەممە، لافاو زۆربەی شاری هەولێر و دەوروبەری گرتەوە، بەپێی قسەی بەرپرسان تائێستا گیانلەدەستدانی دوو کەس پشتڕاست کراوەتەوە و چەند کەسێکیش هێشتا بێسەروشوێنن.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە، پیاوێکی نزیک لە 25 ساڵانە بەناوی محەممەد رەسووڵ لەگەڵ منداڵێکی 5 ساڵان بەناوی مستەفا سەرکەوت، بەڵام لە دوو ناوچەی جیای شاری هەولێر.
چیرۆکی خنکانی محەممەد رەسووڵ
لەبارەی خنکانی محەممەد رەسووڵەوە، رووداو زانیویەتی لە کاتی لافاوە بەهێزەکەی هەولێر، لە ماڵی خۆی رادەکاتە دەرەوە و گەنجێک لەنێو لافاوەکە کە لەسەر ماتۆڕ بووە رزگار دەکات، لەکاتی هەوڵدان بۆ رزگارکردنی کەسێکی دیکە، لافاو دەیبات و دەخنکێت.
رەسووڵ باوکی محەممەدە و بە رووداوی گوت: خۆم لە ماڵ بووم، تەلەفۆنیان بۆ کردم گوتیان فریای محەممەد بکەوە ئاو بردوویەتی.
محەممەد تەمەنی لە دەوروبەری 25 ساڵان بووە، ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و منداڵێکی تەمەن ساڵ و نیوی لەدوای خۆی جێهێشتووە.
کاری محەممەد شۆفێری شۆڤڵ بووە، بەڵام ئەمشەو شۆڤڵەکەی لە لافاوەکە بەکارنەهێناوە. لە گەڕەکی سێبەردان خنکاوە و تەرمەکەی لە هەولێری نوێ دۆزراوەتەوە.
باوکی بە رووداوی گوت: تەرمەکەی دەبەنەوە گوندەکەی خۆیان (فریز) لە سنووری هەولێر.
چیرۆکی خنکانی مستەفا سەرکەوت
لەبارەی مستەفا سەرکەوت، منداڵە 5 ساڵانەکەوە، بەپێی گێڕانەوەی کەسوکاریان بۆ رووداو، باوکی مستەفا، لە گەڕەکی هەولێری نوێ دابەزیوە کولێرە بکڕێت و منداڵەکە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بووە.
بە گوتەی ئەوان، لەو کاتەدا کە ئاوی بارانەکە زیاد دەبێ و لافاو دروست دەبێ، ئۆتۆمبێلێک خۆی بە ئۆتۆمبێلەکەیان دەکێشێت، بەو جۆرە منداڵەکە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا لافاو دەیبات و دەکەوێتە نێو کۆرنیشی هەولێر.
پاش چەند کاژێرێک، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئۆتۆمبێلەکە دەدۆزنەوە، بەڵام دەبینن کە منداڵەکە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا خنکاوە.
چەند کەسێک بێسەروشوێنن
شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە رووداوی گوت، چەند کەسێک بێسەروشوێنن و سەرقاڵی گەڕانن بەشوێنیاندا.
لەبارەی زیانە مادییەکانیشەوە باسی لەوە کرد، تائێستا بەتەواویی نازانن و رۆژی یەکشەممە ئاشکرای دەکەن.


