رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق دەڵێ، ئەمشەو بوومەلەرزەیەک بە گوڕی سێ پلە بە پێوەری رێختەر لە سنووری باکووری شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی بەشی چاودێریی بوومەلەرزە سەر بە دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی، بوومەلەرزەکە کاژێر 09:19 خولەکی ئەمشەو، 7ـی تشرینی دووەمی 2026 لە باکووری شاری سلێمانی روویداوە.
وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، گوڕی بوومەلەرزەکە سێ پلە بووە بە پێوەری رێختەر و لەلایەن دانیشتووانی ئەو ناوچانەی لە چەقی بوومەلەرزەکەوە نزیک بوون، هەستی پێکراوە.
چەقی بوومەلەرزەکە لە نزیک گوندی خەمزە بووە.
دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی داوا لە هاووڵاتییان دەکات دووربکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و دەنگۆ، هاوکات تەنیا پشت بە راگەیێندراو و زانیارییە فەرمییەکان ببەستن.


