رووداو - رووداو
لە ناوەندی پارێزگای هەولێر، لێزمەبارانێکی زۆر لە ماوەیەکی کەمدا، بووە هۆی ئەوەی لە چەندین گەڕەکی شارەکە ئاو کۆببێتەوە، لێکەوتەکەی گیانلەدەستدانی دوو هاونیشتمانی بوو، لەگەڵ چوونی ئاو بۆ نێو سەتان ماڵ، دوکان و شوێنی گشتی. هاوکات لەسەر ئاستی پارێزگاکانی سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، کەرکووک و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و گەرمیان، بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگریی شارستانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کەوتنە باری ئامادەباشیی بەرزەوە.
لە بەرنامەی (مژار)ی رادیۆی رووداو، بە وردی دۆخی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، ئامادەکاریی تیمەکانی فریاکەوتن و قەبارەی زیانەکان تاوتوێ کران.
کەشناسی: پێشبینی چڕیی شەپۆلەکە کرابوو، بەڵام بڕەکەی نەزانراو بوو
فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند: "رۆژانە پێشبینییەکانی کەشوهەوا رادەستی پارێزگاکان، شارەوانی و وەزارەتەکان دەکرێت. پێشبینی چڕبوونەوەی بارانەکەی شەوی ڕابردووی هەولێر کرابوو، بەڵام ڕێژەی بارانبارینەکە یان رێژەی بارینەکە نەزانراو بوو."
بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی ئاماژەی بەوەش کرد کە شەپۆلی بارانبارین بە شێوەیەکی لاوازتر بەردەوام دەبێت و لە رۆژی دووشەممەوە کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە.
هەولێر، چیرۆکی گیانلەدەستدانی دوو هاونیشتمانی و کارکردنی 22 بنکەی فریاکەوتن
بارانەکە ئێوارەی رۆژی شەممە دەستیپێکرد، بەڵام نزیکەی کاژێر 7:00ی ئێوارە بووە بارانی بەخوڕ و لە ماوەی دوو کاژێردا، شەقام و رێگەوبانی داپۆشی و مەنهۆڵەکانی پڕ کرد. ئەم رووداوە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس لە دوو ناوچەی جیای شاری هەولێر.
عەقید شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، کە 22 بنکە و دوو تیمی رزگارکردن لە ئامادەباشیی تەواودا بوون. عەقید شاخەوان گوتیشی: "ئێمە پێشتر ڕێنمایی و هۆشیاریمان بڵاو کردبووەوە کە هاووڵاتیان نەیەنە دەرەوە و لە خاڵە نزمەکانی وەک گڵکەند، فامیلی مۆڵ، رزگاری و ١٠٠ مەتری دوور بکەونەوە، بەڵام بەداخەوە پابەندبوون زۆر کەم بوو."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بە دیاردەیەکی ناشرین کرد و گوتی: "زۆر لە هاووڵاتیان تەنیا بۆ وێنەگرتن و ڤیدیۆ و سناپکردن هاتبوونە شەقامەکان، کە ئەمە هەم ئاستەنگی بۆ ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن و ئەمبووڵانس دروستکرد، هەم ژیانی خۆشیانی خستە مەترسییەوە."
لەبارەی زیانەکانیشەوە ئاماژەی بەوەکرد، کە هەر کەس و کۆمپانیا و شوێنێک داوا بکات، تیمی بەرگری شارستانی هەڵسەنگاندن و خەمڵاندن بۆ زەرەر و زیانەکان دەکەن و دەیکەنە راپۆرت بۆیان. بۆ خەمڵاندنی زیانی شوێنە گشتییەکانیش شارەوانی و فەرمانگەکانی دیکە خۆیان خەمڵاندن دەکەن.
سۆران، ناردنی پێنج تیمی فریاکەوتن بۆ هەولێر
عەقید کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران، بە رادیۆی رووداوی گوت: "لە سنووری شەش قەزا و 13 ناحیە، 22 بنکەمان هەیە و 66 تیممان پێکهێناوە (لە هەر بنکەیەک 3 تیم). لەماوەی 48 کاژێری ڕابردوودا چەند رووداوێک هەبوون لە سنووری ئیدارەی سۆران، وەک لێدانی هەورەبروسکە لە پۆلیسی پاسەوانی سنوور، هەروەها گەشتیارێکمان لە گەلی عەلی بەگ رزگار کردووە و لە سیدەکان، باڵەکایەتی و ناوەندی سۆران ئاو چووبووە نێو چەند شوێنێکەوە، دەستبەجێ چارەسەر کراون."
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران ئاشکراشی کرد: "بە فەرمانی بەڕێوەبەری گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، 5 تیممان ڕەوانەی شاری هەولێر کرد بۆ هاوکاری هاوکارانمان لە هەولێر، لە شەقامی 100 مەتری، هەولێری نوێ، لای نەخۆشخانەی ژین و رزگاری ئەرکی خۆیان جێبەجێکردووە تاوەکو کاژێر 9ی ئەم بەیانییە."
کەرکووک، 2 مانگ ئامادەکاری پێشوەختە بۆ رێگری لە لافاو کراوە
لە شاری کەرکووک، ئامادەکارییەکان بەر لە دەستپێکی وەرزی بارانبارین دەستیان پێکردبوو. ئاڤێستا شێخ محەممەد، قایمقامی ناوەندی کەرکووک، بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند: "لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولەوە دەستمان بە ئامادەکاری کردووە و لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کارەساتە سرووشتییەکان چەند هەنگاوێکی نا بۆ رێگری لە لافاوی هاوشێوەی ساڵی رابردوو. زیاتر لە دوو مانگە تیمەکانی شارەوانی، ئاوەڕۆ، بەرگریی شارستانی و ئاودێری خەریکی پاککردنەوەی ڕێڕەوە ئاوییەکان و مەنهۆڵەکان بوون."
قایمقامی کەرکووک جەختی کردەوە بەهۆی ئەو ئامادەکارییەوە هیچ لافاوێک دروست نەبووە و زیانی گیانیی و مادی تۆمار نەکراوە، تەنیا لە چەند شوێنێک ئاو کۆبووەتەوە کە تیمەکان دەستبەجێ چارەسەریان کردووە. هۆشداریشی دا بەو کەسانەی زێدەڕۆیی دەکەنە سەر رێڕەوە ئاوییەکان یان زبڵ و خاشاک فڕێدەدەنە نێویان، رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی و سزای پێبژاردن دەبنەوە.
هەڵەبجە، ئاو چووەتە نێو 14 ماڵ و دووکان
لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە بە رادیۆی رووداوی ڕاگەیاند کە بەهۆی ئامادەباشیی 5 بنکەی بەرگری شارستانی و هاوئاهەنگیی پارێزگا، قایمقامییەت، پۆلیس و شارەوانی، دۆخەکە بە تەواوی کۆنتڕۆڵ کراوە.
زانیار عومەر گوتی: "خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. بە گشتی نزیکەی 14 ماڵ، دووکان و شوێنی بازرگانی ئاویان تێچووە و زیانەکانیان زۆر کەم بووە. تەنیا خێزانێکی گەشتیاری عەرەب لە گوندی تەوێڵە (ناوچەی نەورۆڵی) گیریان کردبوو، کە بە سەلامەتی رزگار کران."
سلێمانی، ئاو چووەتە نێو چوار ماڵ
موقەدەم ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی ڕایگەیاند: "لە 24 کاژێری رابردوودا تەنیا 4 ماڵ (سێ ماڵ لە گەڕەکی مەلا داود و یەک ماڵ لە کەنەکەوە) ئاو چووەتە ناوی و زیانی مادیی زۆر کەمیان بەرکەوتووە."
موقەدەم ئارام عەلی ئاماژەی بەوەش کرد کە گرفتەکانی ئاوەڕۆی ڕێگەی تاسڵوجە - ڕاپەڕین کە ساڵانی پێشوو لافاوی دروست دەکرد، ئەمساڵ لەلایەن شارەوانییەوە بە تەواوی چارەسەر کراون.
دهۆک و گەرمیان، دۆخەکە ئاسایی و بێ زیان بوو
نەقیب بژار سەفەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک، بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند، 25 بنکە لە باری ئامادەباشیدا بوون. لە دهۆک هیچ رووداوێکی دروستیبوونی لافاو و ئاو چوونە نێو ماڵان تۆمار نەکراوە و هیچ زیانێکی گیانی و مادی رووینەداوە. داواشی لە هاووڵاتیان کرد لە کاتی پێویستدا پەیوەندی بە هێڵی گەرمی 115وە بکەن.
هەروەها ئیبراهیم محەممەد، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی گەرمیان، ئاماژەی بەوە کرد، 14 بنکەی بەرگری شارستانی و دوو تیمی مەلەوانی لە کەلار، کفری و ناحییەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان لە ئامادەباشیدا بوون. بارانبارینەکە زیاتر لە دەرەوەی شارەکان بووە و هیچ زیانێک بەر هاووڵاتیان و ئاژەڵداران نەکەوتووە.


