رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ بارانبارینی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو و ئاستەنگی هاتووچۆ لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان، هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەسەڵاتی راگرتنی دەوامی فەرمییان بەخشییە پارێزگارەکان، ئیدارە سەربەخۆکان و سەرۆکایەتیی زانکۆکان.
رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، پەیمان خواجە، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "وەزارەتی پەروەردە لە ساڵانی رابردوو و ئێستاشدا، دەسەڵاتی راگەیاندنی پشووی ناوەندەکانی خوێندنی داوەتە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان".
وەزارەتی پەروەردە دەڵێ:"لە کاتی نالەباریی دۆخی کەشوهەوادا، بەپێی پێویست دەسەڵاتییان هەیە بڕیاری لەسەر پشوو بدەن."
هاوکات وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڵاویکردەوە: "بەپشت بەستن بە پێشبینییەکانی دامەزراوەی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی کوردستان و بەهۆی نالەباریی کەشوهەوای ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی گیانی خوێندکاران و قوتابیان و مامۆستایان و فەرمانبەرانی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت، بە رەچاوکردنی بارودۆخی کەشوهەوای ناوچە جیاجیاکان، دەسەڵات دەدرێت بە زانکۆکان و دامەزراوەکانی دیکەی سەر بە وەزارەت بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا دەوام رابگرن."
ئەم بڕیارەی هەردوو وەزارەت لە کاتێکدایە، لە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممەوە شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و هەورەبرووسکە رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و لە چەند شوێنێک ئاستەنگی هاتووچۆ و مەترسیی دروستبوونی لافاو هاتووەتە ئاراوە
لە شاری هەولێر، بەهۆی چڕیی بارانەکەوە لە گەڕەکەکانی سێبەردان و عەرەب کەند ئاو چووەتە نێو ماڵان. بەهۆی قەرەباڵخیی سەر شەقامەکانیشەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کەمێک پێش ئێستا بە رووداوی راگەیاند: "تکایە تکایە هاووڵاتییان بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و رێگە بدەن تیمەکان کاری خۆیان بکەن، چونکە خەڵک بووەتە رێگر لەبەردەم تیمەکانی فریاگوزاری."
هاوکات سەرجەم تیمەکانی بەرگریی شارستانی خراونەتە حاڵەتی ئامادەییەوە تەواوەوە و مۆڵەتی کارمەندانیان هەڵوەشێندراوەتەوە. بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، کاریگەریی ئەم نزمەپاڵەپەستۆیە لە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەش بەردەوام دەبێت و پێشبینی دەکرێت لە سنووری ئیدارەکانی راپەڕین، سۆران، هەڵەبجە، سلێمانی و هەولێر بڕی زۆری باران ببارێت و پلەی گەرماش زیاتر دابەزن.



