رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارانی بەخوڕ و کۆبوونەوەی ئاو لە بەشێک لە کۆڵان و گەڕەکەکان، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان تیمەکانی سەرپشک کرد بۆ ئەوەی لە هەر شوێنێک مەترسیی شۆرت و گیانلەدەستدان هەبێت، بۆ ماوەیەکی کاتی کارەبا ببڕن.
رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی کارەبا لە راگەیێندراوێکی بەپەلەدا هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت: "بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانەی ناوچەکەمانی گرتووەتەوە و لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی گیانتان لە مەترسیی روودانی شۆرتی کارەبا، لە هەندێک گەڕەک و ناوچە بەتایبەت ئەو شوێنانەی ئاو لێیان کۆبووەتەوە، وەزارەت تیمەکانی سەرپشک کردووە بۆ بڕینی کاتیی کارەبا لە هەر شوێنێک کە مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست بکات."
وەزارەتی کارەبا دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە بڕینی کارەبا تەنیا بۆ پاراستنی سەلامەتییانە و ئاماژە بەوە دەکات: "تەنیا هۆکاری ئەم بڕینە کاتییە بۆ پاراستنی گیانی ئێوەی ئازیزە و لەگەڵ ئاساییبوونەوەی رەوشەکە و نەمانی مەترسییەکان، دەستبەجێ تەزووی کارەبا دەگەڕێندرێتەوە."
ئەم بڕیارەی وەزارەتی کارەبا هاوکاتە لەگەڵ دروستبوونی لافاو و کۆبوونەوەی ئاو لە چەند ناوچەیەکی شاری هەولێر، لە چەند گەڕەکێک ئاو چووەتە ناو ماڵان.
بەهۆی دروستبوونی قەرەباڵخیی زۆر لەسەر شەقامەکانیش، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە رووداوی گوت: "تکایە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و رێگە بدەن تیمەکان کاری خۆیان بکەن، چونکە خەڵک بووەتە رێگر لەبەردەم تیمەکانی فریاگوزاری."



