رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەی (هەژماری من) رایدەگەیێنێت، لەگەڵ دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچەی مانگی 10، تەنیا ئەو مووچەخۆرانە دەتوانن مووچە وەربگرن کە لە پڕۆژەکەدا ناوی خۆیان تۆمارکردووە، هاوکات زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆریش بە شێوەی دیجیتاڵی مووچەکانیان پێدەدرێت.
بڕیارە رۆژی یەکشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەران بکرێت، ئەمڕۆ شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، هەژماری من راگەیاند، : "تەنیا ئەو مووچەخۆرانەی لە پڕۆژەی هەژماری من خۆیان تۆمارکردووە دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن."
بەپێی ئامارەکانی پڕۆژەکە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و 150 هەزار مووچەخۆر ناوی خۆیان تۆمارکردووە و تەنیا نزیکەی 25 هەزار مووچەخۆر ماون ناونووس بکرێن، هەروەها هاتووە: "لەم ژمارەیە یەک ملیۆن و 30 هەزار مووچەخۆر بۆ ئەم مانگە بە دیجیتاڵی مووچەکانیان وەردەگرن."
پڕۆژەی هەژماری من داوا لەو مووچەخۆرانە دەکات کە کارتەکانیان تەواوبووە سەردانی بانکەکان بکەن و دەڵێت: "28 هەزار کارت لە بانکە حکومییەکان ئامادەن، پێویستە ئەو سوودمەندانەی کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە بە زووترین کات سەردانی بانکەکان بکەن تاوەکو ئەوانیش لە رێگەی ئامێرەکانی راکێشانی پارەوە (ATM) مووچەکانیان وەربگرن."
دەربارەی چارەنووسی ئەو مووچەخۆرانەشی هێشتا کارتەکانیان نەگەیشتووەتەوە دەستیان، پڕۆژەی هەژماری من گوتی: "15 هەزار مووچەخۆر خۆیان تۆمارکردووە بەڵام کارتەکانیان نەگەڕاوەتەوە، بۆ ئەم مانگە دەتوانن وەکو پێشتر مووچەکانیان بە کاش وەربگرن."
چوارشەممەی رابردوو، مووچەی هەرێمی کوردستان خەرجکرا، هەر ئەو رۆژە وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی بڵاوکردەوە، لە سبەی 8ـی تشرینی دووەمەوە دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.



