رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر داوایەکی بەپەلە ئاراستەی هاووڵاتییانی شارەکە دەکات کە شەقامەکان چۆڵ بکەن و بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان، ئەوەش لە پێناو ئەوەی رێگە بۆ تیمەکانی فریاگوزاری و لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێتەوە بۆ ئەوەی بەهانای ئەو شوێنانەوە بچن کە ئاویان تێدا کۆبووەتەوە.
رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تکایە، تکایە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و رێگە بدەن تیمەکان کاری خۆیان بکەن."
پارێزگاری هەولێر ئاماژە بەوە دەکات کە هاتنە دەرەوەی هاووڵاتییان و قەرەباڵخیی سەر شەقامەکان بووەتە ئاستەنگ لە بەردەم کارەکانیان و گوتی: "خەڵک رێگرە لەوەی تیمەکان کاری خۆیان بکەن، با هەموویان بەگەڕێنەوە ماڵەوە".
بەهۆی هاتنی شەپۆلێکی چڕی بارانبارین و مەترسیی کۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو، سەرجەم تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان خراونەتە ئامادەی تەواوەوە و مۆڵەتی کارمەندانیش هەڵوەشێندراوەتەوە؛ هاوکات بەرگریی شارستانیی ناوچەکان داوا لە هاووڵاتییان دەکەن لە ماڵەکانیان بمێننەوە.
لە هەولێر ئاوێکی زۆر کۆبووەتەوە و چەندین ئۆتۆمبێلی لەگەڵ خۆی راماڵیووە.




.jpeg&w=3840&q=75)