رووداو دیجیتاڵ
منداڵێکی تەمەن ساڵ و 10 مانگ بە ناوی "یاس بیلال" لە چێشتخانەیەکی شاری هەولێر کەوتە ناو نافوورەیەکی ئاوەوە و گیانی لەدەستدا؛ رووداوەکە مشتومڕی لەبارەی هۆکاری راستەقینەی مەرگەکەی و پرسی کەمتەرخەمیی خاوەنی چێشتخانەکە دروستکردووە.
رووداوەکە لە شەوی 17ی تشرینی یەکەمی 2026 لە یەکێک لە چێشتخانەکانی شاری هەولێر روویدا. باوکی منداڵەکە چێشتخانەکە بە "کەمتەرخەم" تۆمەتبار دەکات، پۆلیس و قایمقامیەتیش دەڵێن، جگە لە داخستنی چێشتخانەکە، چاوەڕێی راپۆرتی فەرمیی پزیشکی دادین بۆ یەکلاکردنەوەی هۆکاری گیانلەدەستدانەکە.
بیلال فوئاد، باوکی یاس، کە سکاڵای یاسایی لەسەر خاوەنی چێشتخانەکە تۆمارکردووە، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە شەهیان تەحسین پێشکەشی دەکات، رایگەیاند: "هیچ شتێک ناخوازم، تەنیا با یاسا کاری خۆی بکات."
باوکی یاس جەخت لەوە دەکاتەوە کە کوڕەکەی بەهۆی "تەزووی کارەبا"وە گیانی لەدەستداوە، نەک بەهۆی خنکانەوە لەناو ئاودا: "لە پزیشکی دادی پێیان گوتم لە چوار شوێنی جەستەیدا شوێنەواری کارەبا هەیە. نافوورەکە ئەوەندە قوڵ نەبووە منداڵێکی تێدا بخنکێت، بەڵکو کاتێک چووەتە ناو ئاوەکەوە، کارەبا لێیداوە و یەکسەر گیانی لەدەستداوە."
بیلال رەخنەی تووند لە چێشتخانەکە دەگرێت و دەڵێت هیچ تابلۆیەکی ئاگادارکردنەوە، پەرژین، یان چاودێرێک بۆ ناوچەی یاریی منداڵان و دەوروبەری نافوورەکە نەبووە. بە گوتەی ئەو، دوای حەوت خولەک لە گەڕان، خوشکە 8 ساڵانەکەی یاس تەرمەکەی لەناو نافوورەکەدا دۆزیوەتەوە.
هاوسەر خۆشناو، پارێزەری خاوەنی چێشتخانەکە، بە پشتبەستن بە تۆماری کامێرای چاودێری، وێنەیەکی جیاوازی خستەڕوو و گوتی، کارمەندانی چێشتخانەکە دووجار منداڵەکەیان گەڕاندووەتەوە بۆ لای خێزانەکەی، بەڵام بۆ جاری سێیەم یاس چووەتەوە لای نافوورەکە و دوای نزیکەی چوار خولەک یاریکردن، سەرەتا دەکەوێتە ناو ئاوەکە و پەلەقاژە دەکات.
پارێزەری خاوەن چێشتخانە پرسیار دەكات و دەڵێت: "ئەگەر بە تەزووی کارەبا گیانی لەدەستدابایە، ئەو کەسەی دەریهێنا دەبا ئەویش کارەبا بیگرتایە."
کیفاح حەسەن، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، بە رووداوی گوت، لێکۆڵینەوەی سەرەتایی کراوە، بەڵام هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانەکە (خنکان یان تەزووی کارەبا) دوای دەرچوونی راپۆرتی فەرمیی پزیشکی دادی یەکلایی دەبێتەوە.
هاوکات نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، چێشتخانەکە دادەخرێت و رێکاری یاسایی بەرامبەر خاوەنەکەی دەگیرێتەبەر.
بەرگریی شارستانی و گەشتوگوزاری هەولێر رایانگەیاند کە ئەوان بەپێی رێکارەکان مۆڵەت بە شوێنە گەشتیارییەکان دەدەن، بەڵام بۆ قسەکردن لەسەر وردەکاریی مۆڵەتی ئەم چێشتخانەیە، پێویستیان بە نووسراوی فەرمی دادگە هەیە و ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاریکردنی لێکۆڵینەوەکان دەربڕی.
دۆسیەکە هێشتا لە قۆناخی لێکۆڵینەوەی دادوەریدایە و چاوەڕوان دەکرێت راپۆرتی پزیشکی داد، ئاراستەی لێکۆڵینەوەکان و چارەنووسی یاسایی چێشتخانەکە یەکلایی بکاتەوە.


