رووداو دیجیتاڵ
لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی قەزای مەڵبەندی هەڵەبجە کۆمەڵێک رێنمایی و مەرجی تووندی تەندروستی و خۆپارێزی بۆ بەشداربووانی 12ـەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە راگەیاند و هۆشداری دەدات کە سەرپێچیکاران سزا دەدرێن.
رۆژی یەکشەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی قەزای مەڵبەندی هەڵەبجە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە؛ مەرجە هەموو ئەو کەسانەی لە فێستیڤاڵەکەدا خواردن یان بەرهەم پێشکەش دەکەن، کارتی تەندروستی دەربهێنن و پێشوەختە چەند پشکنینێکی پزیشکیی پێویست بکەن. لەوانە پشکنینەکانی پەتای جگەر لە جۆری B و C، پشکنینی ئایدز (HIV) و هەروەها پشکنینەکانی GSE و VDRL، تاوەکو لە سەلامەتیی تەندروستییان دڵنیایی بدرێت.
سەبارەت بە لایەنی ئامادەکردنی خۆراک و لێنانی شلە، لیژنە هاوبەشەکان بەکارهێنانی مەنجەڵی فافۆنیان بە هەموو شێوەیەک قەدەخە کردووە و بەکارهێنانی مەنجەڵی ستیلیان کردووەتە ناچاری، هەروەها بەکارهێنانی لیمۆندۆزیش لە نێو خواردنەکاندا بە تەواوی قەدەخە کراوە و داوا کراوە لەبری کەوچکی دیکە، کەوچکی تەختە بەکاربهێنرێت. بۆ دڵنیابوون لە سەرچاوەی گۆشتی بەکارهاتووش، مەرجە فرۆشیاران وەسڵی فەرمیی کڕینی گۆشتی سەربڕخانەکانیان پێبێت.
لە رێنماییەکاندا گرنگییەکی زۆر بە رێکاری پاکوخاوێنی دراوە؛ بە جۆرێک دەبێت کارمەندان و بەشداربووان لەکاتی کارکردندا کڵاو و دەستکێش بەکاربهێنن، هاوکات لە هەموو کەپرێکدا عەلاگەی گەورە بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەکان دابنرێت بۆ ئەوەی ژینگەی پارکەکە بە پاکی بمێنێتەوە.
لیژنەی هاوبەشی قائیمقامیەتی هەڵەبجە ئاماژە بەوە کردووە، چاودێرییەکی تووند لەسەر جێبەجێکردنی ئەم رێکارانە دەبێت و هەر کەسێک کەمتەرخەم بێت لە جێبەجێکردنیان، بە بڕیاری لیژنەی باڵا دەستبەجێ کەپری لێ دەسێندرێتەوە و سزاش دەدرێت.
بڕیارە رۆژی 28ـی ئەم مانگە دوازدەهەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە دەستپێبکات و چوار رۆژ بەردەوام بێت. فێستیڤاڵەکە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر سەردانیکار رادەکێشێت، بە جۆرێک تەنیا لە فێستیڤاڵی ساڵی رابردوودا 419 هەزار و 700 کەس سەردانیان کردبوو و کۆی فرۆشی بەرهەمەکانیش گەیشتبووە ملیارێک و 700 ملیۆن دینار.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی ساڵانەی هەناری هەرێمی کوردستان زیاتر لە 80 هەزار تۆنە، کە نزیکەی 30 هەزار تۆنی لە پارێزگەی هەڵەبجەیە.




