رووداو- رادیۆ
بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی و رەشەبای ئەم دواییەی هەولێرەوە، پارچەدار و کەرەستە لە باڵەخانەیەکی 18 نهۆمی لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی گەڕەکی گەلاوێژ کەوتوونەتە خوارەوە و زیانیان بە 10 ئۆتۆمبێلی دانیشتووانی گەڕەکەکە گەیاندووە، هاوکات دانیشتووان داوای لێپرسینەوە و رێکاری توند لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن.
شوان جەبار، دانیشتووی گەڕەکی گەلاوێژ، بە رادیۆی رووداوی گوت، پڕۆژەکە لەناو گەڕەکێکی نیشتەجێبووندا دروست دەکرێت بێ ئەوەی رەچاوی مەرجەکانی سەلامەتی و پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان بکرێت.
ئەو هاونیشتمانییە، داوای لە ئیدارەی هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە لێپێچینەوە لەو کەمتەرخەمییە بکەن، چونکە بەهۆی رەشەبایەکی ئاساییەوە 10 ئۆتۆمبێل تێکشکاون و زیانیان بەرکەوتووە.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر، سەبارەت بەو کێشەیە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند،" پێویستە زیانلێکەوتووان و دانیشتووان سکاڵا تۆمار بکەن و نووسراوێک یان داواکارییەک لەو بارەیەوە پێشکێشی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی و ئیداریی پێویست لە بەرامبەر سەرپێچی و کەمتەرخەمییەکاندا بگیرێتە بەر."
.



