رووداو دیجیتاڵ
رێگەی گوندێکی دەڤەری هەورامان لە پارێزگای هەڵەبجە قیرتاو دەکرێ. بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە دەڵێت، قیرتاو دەستیپێکردووە و بە بودجەی 194 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێ.
حەمید بارام، بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە، ئەمڕۆ دووشەممە 12-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پڕۆژەکە بۆ گوندی 'هانەی دن'ە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی هەڵەبجەوە جێبەجێ دەکرێ."
بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە گوتی: "پڕۆژەکە بە 194 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی ئاسایی رێگەوبانی هەڵەبجە جێبەجێ دەکرێ و بۆ خزمەتی دانیشتووانی گوندەکەیە و قیرتاوکردن دەستی پێکردووە."
درێژیی رێگەکە یەک کیلۆمەتر و نیوە. لەبارەی رێگەکانی دیکەی ناحیەی بیارەیشەوە حەمید بارام گوتی: "پڕۆژەی رێگەوبانمان زۆرن و بەهۆی ئەو دۆخە ئابوورییەی هەیە راگیراون، چەندین جار داوای بودجەمان بۆ رێگەی بیارە کردووە و تاوەکو ئێستا پارەی بۆ خەرج نەکراوە."
دەڤەری هەورامان یەکێکە لەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان کە ساڵانە زۆرترین گەشتیار سەردانی دەکات. حەمید بارام گوتی: "کەرتی گەشتیاری گرنگترین کەرتە بۆ ناوچەکەمان و کوردستان و داواکارین حکومەت گرنگیی زیاتر بە بیارە و دەوروبەری بدات، چونکە رێگەوبانی باش دەبێتە هۆکاری بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتیاری لە سنوورەکەمان."
بۆ چاودێریکردنی بەڕێوەچوونی پڕۆژەکە، بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی هەڵەبجە و بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە سەردانی گوندی هانەی دنەیان کرد و لە چۆنێتیی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەیان کۆڵییەوە.



