رووداو دیجیتاڵ
زولەیخا دەستهەل کچێکی تەمەن 18 ساڵانی دانیشتووی دهۆکە، هەموو تەمەنی بە نەشتەرگەری بەسەر بردووە، 24 نەشتەرگەریی کردووە، نەشتەرگەری دیکەی دەوێ، باوکیشی توانای نییە و مانگانە تەنیا بۆ چارەسەر ملیۆنێک دیناری دەوێ، رووی لە خێرخواز و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە و داوا دەکات " تەنیا چارەسەری نەخۆشییەکەی بگرنە ئەستۆ" .
زولەیخا ئەمڕۆ لە بەرپرسیار قسەی کرد، دەڵێ لەوەتەی لەدایکبووم هەر نەخۆشم، هەموو رۆژێک دەبێ بچمە نەخۆشخانە.
نەخۆشییەکەی ئەو کچە پەککەوتنی مەسانەیە و کار ناکات، پزیشکەکەی دەڵێ زۆر نەشتەرگەری بۆ کراوە، یەک گورچیلەی هەیە، بەردەوام لەشیشی هەو دەکات.
زولەیخا لە بەرپرسیار کە رێبوار عەلی پێشکێشی کرد دەڵێت:" بەردەوام نەشتەرگەری دەکەم و نەشتەرگەری دیکەم دەوێ، دوای 14 ساڵ هەستمان بە نەخۆشییەکە کرد، سۆندەیان بۆ دانام، بەڵام 4 ساڵە بێزار بووم لە دەرمان و چارەسەر .''
ئەو کچە نەخۆشە باسی دۆخی خێزانەکەشی دەکات و دەڵێ:" نەبوونین، قەرزمان کرد تاوەکو چارەسەر بکرێم و باوکم منی بردە هیندستان، بەڵام نەشتەرگەرییەکەم سەرکەوتوو نەبوو، گەڕامەوە کوردستان و لای دکتۆر سەربەست، ئەو دکتۆرە نەبووایە دۆخم خراپتر دەبوو .''
زولەیخا لە ئێران گورچیلەیەکی دەرهێنراوە و گورچیلەکەی دیکەشی لاوازە،خۆی دەڵێت:" ساڵ هەیە حەوت نەشتەرگەری دەکەم، گورچیلەم پووکابووەوە، پشکنینم کردووە، گورچیلەکەی دیکەم لاوازە .''
دکتۆر سەربەست محەممەد پزیشکی زولەیخا دەڵێ:' نەخۆشەکە دۆخی خراپە، دەبێ چارەسەرێک هەبێ، دەرمان چیدیکە نابێتە چارەسەر بۆی.''
دکتۆر سەربەست محەممەد باسی نەخۆشییەکەی زولەیخا دەکات و دەڵێ :" تووشی پەککەوتنی بۆری میز بووە، هەوکردنیشی هەیە، ماوەیەک باش دەبێ دواتر دیسان دۆخی تێکدەچێ.''
لەبارەی چارەسەری زولەیخا، دکتۆر سەربەست محەممەد دەڵێ:" دەکرێ لە وڵاتانی کەنداو، یان ئەورووپا چارەسەر بکرێ.''
وەکو پزیشکەکەی دەڵێ :" ئێستا دوو نەشتەرگەری دیکەی دەوێ، دەبێ لەو دەرمانانە بوەستێ، دەبێ چارەسەرێکی بنەبڕی بۆ بکرێ،چونکە کاریگەری خراپی لەسەر نەخۆش هەیە .''
زولەیخا، لەبەر نەخۆشییەکەی ناتوانێ بچێتە قوتابخانە، بە ئۆنڵاین دەخوێنێو زولەیخا خەرجی نەخۆشییەکەی مانگانە ملیۆنێکە ،باوکی پێشمەرگەیە و توانای چارەسەری نییە
زولەیخا بۆ چارەسەرەکەی رووی لە خێرخوازان و سەرۆکوەزیرانە و دەڵێ:" تەنیا خەرجی نەخۆشییەکەم لە ئەستۆ بگرن .''

