رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە دووکان و کافتریاکانی سەیرانگەی نەورۆز لە سەرچنار کارەبایان لەسەر کوژێندراوەتەوە، بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی دەڵێت، نزیکەی 80 ملیۆن دینار قەرزاری کارەبان، تاوەکو قەرزەکە نەدەنەوە کارەبایان بۆ ناگەڕێتەوە.
ئەمڕۆ 28ـی ئەیلوولی 2026، سیروان محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کارەبای ئەو دووکان و کافتریایانەی سەرچنار دوو کێشەی هەیە، یەکەمیان ئەوەیە کە نزیکەی 80 ملیۆن دینار قەرزی کارەبایان لەسەررە، تاوەکو قەرزەکە نەدەنەوە کارەبایان پێنادرێتەوە.
لەبارەی کێشەی دووەمی کارەبای دووکان و کافتریاکان، گوتەبێژی کارەبای سلێمانی دەڵێت، ئەو شوێنانە کێشەی سووتانی محاویلەیان هەیە و ماوەی چەند رۆژێکە محایلەکەیان سووتاوە، ئێستا چاوەڕێن لە وەرشە چاکبکرێتەوە.
بەشێک لە کاسبکارەکانیش بۆ دابینکردنی کارەبا موەلیدە بەکاردەهێنن، بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی دەڵێت "بۆ چاککردنەوەی محاویلە، پێویستە شوێنکارەکان بڕێک پارە بدەنە ئەو وەرشەیەی کە محاویلەکە (گۆڕەرەکە) چاک دەکاتەوە".

