رووداو دیجیتاڵ
دوای راگیرانی بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی لە دیوی ئێرانەوە، هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ دەستیپێکردەوە و قایمقامی پێنجوێنیش دەڵێت، کێشەکە چارەسەرکراوە و رەوشەکە ئاسایی بووەتەوە.
رۆژی دووشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2026، عەدنان کاکەڕەش، قایمقامی پێنجوێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی لە دیوی ئێران دوێنێ شەو هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەی باشماخ راگیرا، ئەمڕۆ توانرا کێشەکە چارەسەر بکرێت و ئێستا هاتووچۆ ئاسایی بووەتەوە."
قایمقامی پێنجوێن داوای لە گەشتیاران کرد بەردەوام بن لە گەشتەکانیان و هیچ گرفتێک لە ئارادا نییە، گوتیشی: "کێشەکە تەنیا بۆ بەشی گەشتیاری بوو، لە بەشی بازرگانیدا هیچ گرفتێک دروست نەبوو."
شەوی رابردوو، هۆبەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ لە راگەیێندراوێکدا ئاگاداری سەرجەم هاووڵاتییان و گەشتیارانی کردەوە، کە بەهۆی پچڕانی سیستەمی ئەلیکترۆنی لە مەرزی باشماخ لە دیوی ئێرانەوە، هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەکە بە تەواوی راگیراوە.
دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ دەکەوێتە نزیک شارۆچکەی پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی، یەکێکە لە دەروازە نێودەوڵەتییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران.


