رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری قەزای چۆمان لە پارێزگای هەولێر، مینێک بە تیمێکی هەڵگرتنەوەی میندا تەقییەوە، سەرۆکی دەزگای کاروباری مین دەڵێ "قاچی سەرۆکی تیمەکە پەڕیوە."
جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە (28ی ئەیلوولی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ تیمێکمان لە کێڵگەیەکی بە مین چێندراودا سەرقاڵی کار بوون و مینێک پێیاندا تەقییەوە. مینەکە لە نێو کێڵگەکەدا نەبووە، لە نێو جۆگەیەکدا بووە و سەرۆکی تیمەکە پێی پێدا ناوە و تەقیوەتەوە".
جەبار مستەفا دەڵێ، سەرۆکی تیمەکە قاچێکی پەڕیوە و بۆ چارەسەرکردنی رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتن کراوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد: "مینەکە کۆن بووە و بۆ سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق دەگەڕێتەوە".
ئەو کەسەی ئەمڕۆ مینی پێدا تەقیوەتەوە ناوی جیهانگیر رەسووڵە. سەرۆکی دەزگای کاروباری مین ئاماژەی بەوە کرد، تەنیا ئەم ساڵ بەهۆی تەقینەوەی مینەوە دوو کەس گیانیان لەدەست داوە و حەوتی دیکە بریندار بوون.
بەگوێرەی ئامار و داتاکانی دەزگای گشتیی کاروباری مین، کۆی گشتیی زەوییە مینڕێژکراوەکان لە هەرێمی کوردستان 776 کیلۆمەتر دووجا بوو، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 563 کیلۆمەتر دووجا پاک کراوەتەوە و 213 کیلۆمەتر دووجا ماوە پاک بکرێتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە ساڵی 1992ەوە زیاتر لە 13 هەزار و 560 کەس بەهۆی تەقینەوەی مینەوە گیانیان لەدەست داوە و بریندار بوون.



