رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی 20 ساڵی خەڵکی رانیە، دوای گەیشتنی بە فەرەنسا بە رێگەی نایاسایی، لە نەخۆشخانەیەکی ئەو وڵاتە کۆچی دوایی کردووە. باوکی دەڵێ، تاوەکو ئێستا نەخۆشخانەکە تەرمی کوڕەکەیانی نەداوەتەوە.
ئیسماعیل خەلیل، باوکی شیڤان، بە رووداوی گوت: "کوڕەکەم 28ی 7ی 2026 چوو بۆ لیبیا، دواتر لەوێوە پەڕییەوە و گەیشتە ئیتاڵیا. پاش ماوەیەک مانەوە لە ئیتاڵیا، چوو بۆ فەرەنسا. دوای چوار رۆژ گەیشتن بە فەرەنسا، لە نەخۆشخانەی De Lille کۆچی دوایی کرد."
باوکی گەنجەکە دەڵێ، "شیڤان بەهۆی مانەوە لە ناو جەنگەڵدا سەرمای بووە و قوڕگی ئازاری هەبووە، دواتر گەیێنراوەتە نەخۆشخانە. دوایین جار کە پەیوەندیمان پێوە کرد، گوتی زۆر باشم و تەنیا لە جەنگەڵەکە سەرمام بووە."
باوکی شیڤان ئاماژەی بەوەشدا: "نەخۆشخانەکە ئامادە نییە تەرمی کوڕەکەمان بداتەوە، بە پاساوی هەبوونی نەخۆشییەک. لە کاتێکدا کوڕەکەمان پێش ئەوە نەخۆش نەبووە. ئێمە چاوەڕێین حکومەتی فەرەنسا رێگە بە گەڕاندنەوەی تەرمی کوڕەکەمان بدات. ئێمە لەسەر ئەرکی خۆمان تەواوی خەرجیی گواستنەوەی تەرمی کوڕەکەمان بدەین."
دوای بەدواداچوونی رووداو بۆ دۆسیەکە، دکتۆر رەوەز دلاوەر محەممەد، بەرپرسی بەشی کۆنسووڵگەری لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، بە رووداوی گوت: "شیڤان لەو جەنگەڵەی تێیدا ماوەتەوە تووشی جۆرە بەکتریایەک بووە."
دکتۆر رەوەز ئاماژەی بەوەشدا: "دوای ئەوەی خانەوادەی شیڤان پەیوەندییان پێوە کردین و لە دۆسیەکەمان کۆڵییەوە، دەرکەوت ئەم گەنجە تووشی جۆرێک لە بەکتریا بووە بەناوی "Corynebacterium diphtheriae". ئەم جۆرە نەخۆشییە بەخێرایی بڵاودەبێتەوە و ڤاکسین بەکاردەهێنرێت، بەڵام ئەم گەنجە زوو چارەسەری نەکردووە و هەروەها ڤاکسینیشی وەرنەگرتووە، دواتر لە نەخۆشخانەی De Lille کۆچی دوایی کردووە."
دکتۆر رەوەز سەبارەت بە هۆکاری پێنەدانەوەی تەرمی گەنجەکەش گوتی، "رێکارە تایبەتەکان بۆ گواستنەوەی تەرم هەن و پێویستی بە نووسراوی نەخۆشخانە و لایەنی پەیوەندیدارە، ئێمە هەوڵی تەواوی خۆمان دەدەین بۆ هاوکاری ئەم خێزانە و هەر خێزانێک کە پیویستی پێمان بێت لە فەرەنسا."
ئاماژەی بەوەشدا، "بەهۆی ئەم بەکتریایەوە پۆلیس ئامادە نەبوو نووسراوەکە بدات. بەڵام ئێستا بەهۆی هەوڵەکانمانەوە بەڵێنیان پێداوین نووسراوی پێویست بکەن و بە زووترین کات تەرمی گەنجەکە بگەڕێنینەوە بۆ کوردستان."
بەرپرسی بەشی کۆنسووڵگەری نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا: "ئێستا کۆمپانیایەکمان دۆزیوەتەوە کە تایبەتە بەو جۆرە کارانە، هەروەها بەدوای کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانیدا دەگەڕێین بۆ ئەوەی بتوانین تەرمی گەنجەکە بگوازینەوە بۆ کوردستان. ئەمە بۆ پاراستنی سەلامەتیی خەڵکە و لە کوردستانیش دەبێت بە رێکارێکی تایبەت رێوڕەسمی ناشتنی بۆ بکرێت، بۆ ئەوەی کەسێک تووشی ئەو بەکتریایە نەبێت، هەوڵیش دەدەین لە هەموو رووێکی مادی و دەروونیەوە هاوکارییان بکەین."
دکتۆر موئەیەد ئەحمەد، بەرپرسی بەشی بەرگریی دژە میکرۆب لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، بە رووداوی گوت: "مردن بە بەکتریای زۆر زۆر دەگمەنە، ئێمە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی هەر لە منداڵییەوە سێ ژەمی کوتان وەردەگرین و لەناو بەرنامەی وڵاتی عیراق هەیە، هیچ پێشبینیەکیش ناکرێت ئەگەر کەسێک کوتانی وەرگرتبێت توشی ئەم نەخۆشییە بووبێت."
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا: "پێناچێ شیڤان لە جەنگەڵەوە تووشی ئەم بەکتریایە بووبێت، دوو هۆکاری سەرەکیی هەن بۆ گواستنەوەی بەکتریای "Corynebacterium diphtheriae"، لەڕێگەی بەرکەوتنی راستەوخۆی پێست و هەناسەدانەوە دەگوازرێتەوە، ئەم جۆرە بەکتریایە لە هەندێک وڵاتانی ئەفریقیا و رۆژهەڵاتی ئاسیا زیاتر هەیە"
گوتیشی: "ئەم جۆرە بەکتریایە دەبێتە هۆی هەوکردنێکی زۆر لە قورگ و ئەستووری دەکات، نەخۆشەکە وای لێدێت ناتوانێ هەناسە بدات، هەندێک جار پزیشکان پەنادەبەنە بەر کونکردنی قورگی نەخۆشەکە، ئەگەر تووشی ئەم بەکتریایەش بببێت ئەوا بە دەرمانی دژە زیندەیی دەکرێت بەتەواوی چاکببێتەوە."
شیڤان ئیسماعیل خەلیل، گەنجە 20 ساڵەکەی خەڵکی رانیە، رۆژی 28ی تەممووزی 2026 بە فڕۆکە چووەتە لیبیا، دواتر بە رێگای دەریایی گەیشتووەتە ئیتاڵیا و پاش ماوەیەک مانەوە لەو وڵاتە، بە مەبەستی گەیشتن بە فەرەنسا بە رێگای نایاسایی بەردەوام بووە.



