رووداو دیجیتاڵ
هەولێر و بەغدا لەبارەی زانکۆی گەرمیانەوە یاداشتێکی لێکگەیشتنیان واژۆ کرد و بڕیارە زانکۆیەکی سەربەخۆ بۆ خانەقین دروست بکرێت. بەگوتەی بەشداربوویەکی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی زانکۆکە کوردێکی خانەقینی دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ی ئەیلوولی 2026، شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی د. ئامانج عەبدوڵڵا سەعید، راوێژکاری وەزیر و بە ئەندامێتیی سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، راوێژکارێکی وەزیر، بەڕێوەبەرە گشتییە تایبەتمەندەکان و نوێنەری نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی خوێندنی باڵای ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا، بۆ پرسی دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان کۆبوونەوە.
چنار حاجی، ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا دوای گفتوگۆیەکی چڕ لەبارەی داننان بە زانکۆی گەرمیان، گەیشتنە چارەسەرێک و یاداشتێکی لێکگەیشتن لەنێوان هەردوولادا واژۆ کرا.
ئەندامەکەی لیژنەی خوێندنی باڵا روونیکردەوە، بەگوێرەی یاداشتەکە، زانکۆیەکی سەربەخۆ بەناوی (خانەقین) دروست دەکرێت و سەرجەم ستاف و کۆلیژ و بەشەکان و خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان لە خانەقین بۆ ئەو زانکۆ نوێیە دەگوێزرێنەوە.
هەروەها ئاژماژەی بەوەکرد، زانکۆکە خوێندکاران لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان وەردەگرێت. بەگوێرەی یاداشتەکە، دەبێت ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی لەسەر بدات. بەم شێوەیە کێشەی دانپێدانانی بڕوانامەی زیاتر لە 17 هەزار دەرچووی زانکۆکە چارەسەر دەبێت و ئەم ساڵیش زانکۆی گەرمیان خوێندکار وەردەگرێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا دوای گفتوگۆیەکی قووڵ، هەردوولا گەیشتنە رێککەوتن لەسەر واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی پرسی دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان. بەپێی یاداشتەکە، زانکۆیەکی سەربەخۆ بۆ شاری خانەقین بنیاد دەنرێت و سەرۆکی زانکۆکە خەڵکی خانەقین دەبێت. پرۆسەی وەرگرتنیش کراوە دەبێت بۆ سەرجەم خوێندکارانی هەرێمی کوردستان و عێراق و هەمان ئەو کۆلێژانە لەخۆدەگرێت کە ئێستا لە شاری خانەقینن و سەر بە زانکۆی گەرمیانن.
بەپێی یاداشتەکە، سەرجەم کۆلێژەکانی زانکۆی گەرمیان لە رۆژی دامەزراندنیانەوە، بە کۆلێژەکانی خانەقینیشەوە، لەلایەن حکومەتی عێراقی فیدراڵەوە دانپێدانراو دەبن.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، یاداشتەکە لەلایەن ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، دەبردرێتە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی پەسەندکردنی.



