رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بەشداری لە سیستمی دیجیتاڵیی (ئی-پسوولە) دەکات و لەمەودوا شوێنە بازرگانییەکان دەتوانن لە رێی ئەو سەکۆیەوە کرێی خزمەتگوزارییەکان بدەن و داشکاندنی 20%یان بۆ دەکرێ.
رۆژی سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، شوێنە بازرگانییەکان دەتوانن پارەدانی سەرجەم کرێی خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی، لەوانە (کرێی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، شایستەی تابلۆ، رێکلامی تەلەفزیۆنی و لەیزەری) لە رێی سیستمی ئی-پسوولەوە بدەن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو شوێنە بازرگانییانەی لە رێی سەکۆی ئی-پسوولەوە پارەدانەکەیان دەکەن، داشکاندنی 20%یان بۆ دەکرێ، ئەوەش بە مەبەستی گەڕاندنەوەی کات و فەراهەمکردنی ئەزموونێکی سادە و گونجاو بۆ بازرگانان و هاووڵاتیان.
بۆ شێوازی پارەدان، هاووڵاتیان و خاوەنکاران دەتوانن ئەو بانک و جزدانە ئەلیکترۆنییە هاوبەشانەی ئی-پسوولە بەکاربێنن کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتیان پێدراوە، وەک: (FastPay، FIB، AsiaPay، NassWallet، ZainCash، IIB، Cihan bank، NBI و RTB).
ئی-پسوولە لە مانگی شوباتی رابردوودا لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا، ئەوەش وەک بەشێک لە هەوڵەکانی کابینەی نۆیەم بۆ زیادکردنی گشتگیریی دارایی و بەدیجیتاڵکردنی پارەدان.




