رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، دەنگێکی بەهێز لە رۆژئاوای هەولێر بیسترا، دژەتیرۆری کوردستانیش دەڵێ، چالاکیی سەربازی و ئەمنی بووە
ئەمڕۆ یەکشەممە، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە رۆژئاوای هەولێر نزیک فڕۆکەخانە بیسترا و دوای کەمێک چەندین گرتەی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە کە دووکەڵ بەرزبووەتەوە. سەرچاوەیەکی ئەمنی بە رووداوی گوت، کاژێر 5:00ی ئێوارە، لە ناو کەمپی زێرەڤانی لە باشووری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، پاشماوەی تەقەمەنیی بەسەرچوویان تەقاندووەتەوە.
سەرچاوەکە جەختیکردەوە پرۆسەکە بە کۆنترۆڵکراوی ئەنجامدراوە و هیچ زیانێکی گیانی و مادی لێنەکەوتووەتەوە و ئەو دەنگە بەهێزەی هاووڵاتییان لە گەڕەکە جیاوازەکانی هەولێر بیستوویانە، تەنیا ئەنجامی تەقینەوەی ئەو پاشماوە تەقەمەنییانە بووە.
هەروەها دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە، تەقینەوەکە مەشق و ڕاهێنانی سەربازی و چالاکیی ئەمنی بووە و هیچ جێگەی مەترسی نییە".


