رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکانی کەرخی بەغدا بە هاوئاهەنگی بەڕێوەبەرایەتیی مادە هۆشبەرەکانی هەولێر، دەستیان بەسەر 4 کیلۆگرام مادەی کریستاڵ دا گرت و دوو کەسیان دەستگیرکرد کە یەکێکان بە "زۆر مەترسیدار" ناودەبەن.
عەمید عەباس بەهادلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە دەروونییەکانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 7ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئۆپەراسیۆنەکە لە شاری هەولێر کراوە و تێیدا جگە لە مادە هۆشبەرەکان، دەست بەسەر چەندین جۆر چەک و تەقەمەنیدا گیراوە."
.
عەمید عەباس بەهادلی ئاماژە بەوە دەکات، دوو تۆمەتبار لەو ئۆپەراسیۆنەدا دەستگیرکران، کە یەکێکیان وەک "تۆمەتبارێکی زۆر مەترسیدار" ناسراوە و بەهۆی دەیان مەلەفی جیاوازەوە داواکراو بووە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە دەروونییەکانی عێراق، ئەم ساڵ دەستیان بەسەر 2 تۆن و 370 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا داگرتوە.
هەر بەپێی ئامارەکە، 4 هەزار و 644 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر سزادراون، کە 69 کەسیان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و 267 کەسیش سزای زیندانیی تاهەتاییان بۆ دەرکراوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکە، لە ساڵی 2026دا 304 تۆڕی نێوخۆیی و 54 تۆڕی نێودەوڵەتی هەڵوەشێندراونەتەوە؛ هەروەها 21 ئۆپەراسیۆن لە دەرەوە کراون و 43 فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی دەرکراون.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێ، لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکاندا 32 جار رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەنێوان هێزەکانیان و بازرگانانی مادەی هۆشبەر روویداوە. لە ئەنجامدا کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە و 31ـی دیکە بریندار بوون؛ هەروەها 3 بازرگانی مادەی هۆشبەر کوژراون و 23ـی دیکەش بریندار بوون.



