رووداو دیجیتاڵ
کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی لە هەولێر و دهۆک کەمبوونەتەوە. ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر دەڵێ، بۆ یەک ئەمپێر 10 هەزار دیناری دیکە وەردەگرن و کارکردنی موەلیدەکانیش کەمدەکەنەوە. کارەبای نیشتمانی لە دهۆکیش کەمیکردووە.
خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە شاری هەولێر زۆرینەی گەڕەکەکان کارەبایان دەبڕدرێ. پێشتر بۆ 170 کاژێر موەلیدە بۆ هەر ئەمپێرێک 10 هەزار دینارمان وەردەگرت. بەشێکی موەلیدەکان لەو کاژێرە زیاتر کاریان کردووە و هەربۆیە ئێستا دووبارە پارە وەردەگرن".
خۆران خۆرانی گوتی: "هەر موەلیدەیەک 170 کاژێرەکە کاری کردبێ، ئێستا دووبارە پارە وەردەگرێتەوە و 10 هەزار دینار بۆ کەمتر لە 150 کاژێر دەبێت بۆ یەک ئەمپێر، چونکە بەرمیلێک گازوایل لە 180 هەزار دینارەوە بووەتە 250 هەزار دینار".
بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر، لەو گەڕەکانەی هەولێر لەنێو پڕۆژەی رووناکیدا نین هەندێک رۆژ موەلیدەکان 14 کاژێر کارەبا دەدەنە هاوبەشانیان؛ گوتیشی: "کارەبای ناو پڕۆژەی رووناکیش بەردەوام دەبڕدرێ، ئێستا نرخی گازوایل بەرزبووەتەوە و خاوەن موەلیدەکان ئامادەنین هاوشێوەی مانگی رابردوو کار بە موەلیدەکان بکەن".
خۆران خۆرانی ئاماژەی بەوەکرد، خاوەن موەلیدەکان داوا دەکەن، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان خشتەیەکی دیاریکراوی کارەبایان بۆ دابینبکات و لەسەر ئەو بەرنامەیە ئەوانیش موەلیدەکانیان کاربکەن؛ گوتیشی: "نامانەوێ وەک ئێستا بێت، گەڕەک هەیە یەک کاژێر کارەبای نیشتمانی دەبڕدرێ و هەیە 10 کاژێر".
هەکار هرووری، بەرپرسی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای دهۆک، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مانگی رابردوو رۆژانە نزیکەی یەک کاژێر کارەبای موەلیدە کاری دەکرد و بۆ تەواوی مانگەکە بۆ یەک ئەمپێر 4 هەزار و 500 دینار پارەمان وەرگرت. ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و رۆژ هەیە موەلیدە 10 کاژێر کار دەکات".
هرووری گوتی: "هێشتا نرخی دیار نییە، بەڵام نرخی گاز زۆر بەرزبووەتەوە و لیتری بووەتە هەزار و 250 دینار، بۆیە دەبێت چەند رۆژێک موەلیدەکان کاربکەن بۆ ئەوەی بزانین دۆخەکە چی لێدێت، ئەوکاتە نرخ دیار دەبێت".
لە سلێمانی و هەڵەبجە دۆخەکە ئاساییە. عوسمان محەممەد، خاوەنی موەلیدە و سەرۆکی پێشووی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دۆخی کارەبا زۆر باش و بێ کێشەیە و هیچ موەلیدەیەک کارناکات".
لە هەڵەبجەش هاوشێوەی سلێمانی پڕۆژەی رووناکی کارەبای 24 کاژێری دابینکردووە و موەلیدەکان کارناکەن.

.png&w=3840&q=75)

