رووداو دیجیتاڵ
دابەشکردنی وەجبەی حەوتەمی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2025 لە پارێزگای سلێمانی دەستیپێکرد، ئەوەش لەکاتێکدایە کە لە هەفتەی رابردووەوە دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیە لە هەولێر و دهۆک کۆتایی هاتووە.
رۆژی یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ دابەشکردنی وەجبەی حەوتەمی پارەی گەنمی جووتیاران لە سلێمانی دەستیپێکرد".
لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی پارەکە لەو پارێزگایە نەوزاد شێخ کامیل گوتی:"پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک لەسەر بانکی (TBI)ـین، بەڵام سلێمانی لەسەر ئەو بانکە نییە، ئەمەش پێویستی بە رێکاری زیاتر و رەزامەندیی بەغدا هەیە."
هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی سایلۆی سلێمانی ئاگادارییەکی بۆ جووتیاران بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئەو جووتیارانەی بۆ وەرزی 2025 گەنمیان رادەست کردووە، سبەی دووشەممە، تاوەکو مستەندی ژمارە 1531، سەردانی هۆبەی ژمێریاری لە ناحیەی پیرەمەگروون بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی چەکی بانکیی شایستە داراییەکانیان.
سایلۆی سلێمانی باسی لەوەکردووە، کە پێویستە جووتیارەکە خۆی ئامادەبێت و کارتی نیشتمانیی پێبێت، یان بریکارنامەی (وەکالە)ی دادنووسی پێبێت، بەبێ ئەوانە چەکی بانکی بە هیچ کەسێک نادرێت.
لە 18ی ئابی 2026، وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕی 350 ملیار دیناری وەک پارەی گەنمی ساڵی 2025 خەرجکرد، کە بڕی 58 ملیار و 633 ملیۆن و 889 هەزار دیناری بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە.
لەو بڕە پارەیەی بۆ گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە؛ 21 ملیار و 908 ملیۆن دیناری بۆ جووتیارانی پارێزگای سلێمانییە (کە پشکی هەڵەبجەشی تێدایە)، 19 ملیار و 726 ملیۆن و 203 هەزار دینار بۆ جووتیارانی پارێزگای هەولێر و 16 ملیار و 999 ملیۆن و 686 هەزار دیناریشی بۆ جووتیارانی پارێزگای دهۆکە.




