رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هاتووچۆی سۆران راگەیاند، رووداوێکی هاتووچۆدا لە گەلی عەلی بەگ روویدا، دوو کەس (دایک و کوڕ بوون) گیانیان لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.
رۆژی یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، موحسین تەحسین، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نزیک کاژێر 4:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ رووداوێکی هاتووچۆ لەنێوان دوو ئۆتۆمبێل لە جۆری پیکاب تۆیۆتا و نیسان رۆگ لە رێگەی گەلی عەلی بەگ روویدا."
گوتەبێژی هاتووچۆی سۆران گوتی: "بەهۆی رووداوەکەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا، کە یەکێکیان شۆفێری نیسان رۆگەکە بوو هەر لە کاتی رووداوەکە گیانی لەدەستدا، ئەوی دیکەشیان دایکی بوو کە نیوکاژێر دواتر گیانی لەدەستدا".
بە گوتەی موحسین تەحسین، شۆفێری پیکاب تۆیۆتاکەش بریندار بووە و ئێستا لە نەخۆشخانەیە.
موحسین تەحسین ئاماژەی بەوەش کرد، تەرمی ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە بۆ داد پزیشکی رەوانەکراون و رێکارە یاساییەکانیش لەبارەی رووداوەکەوە دەستیان پێکردووە.




