رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی ژمارەیەک گوند لە سنووری قەزای شەقڵاوە لە پارێزگای هەولێر کێشەی خراپی رێگەیان هەیە. رێگەی نێوان مامەجەلکە و هیران کە نزیکەی 7 گوند سوودی لێ دەبینن، ماوەیەکە بە تەواونەکراوی جێهێڵدراوە. لایەنی پەیوەندیدار هۆکاری وەستانی پڕۆژەکە بۆ نەبوونی بودجە دەگەڕێنێتەوە.
سوارە ئەکرەم، قایمقامی قەزای شەقڵاوە، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "قەیرانی دارایی کاریگەریی نەرێنی لەسەر زۆربەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان هەبووە."
سوارە ئەکرەم، سەبارەت بەو شەقامەی لە تونێلی میراوەوە بەرەو هیران دەچێت، گوتی: "بەهۆی قەیرانی داراییەوە زۆربەی پڕۆژەکان وەستاون، ئەو رێگەیەش یەکێکە لەو پڕۆژانەی بەهۆی نەبوونی بودجەوە نەمانتوانیوە تەواوی بکەین."
ئەم رێگەیە کە بە "شەقامی مامەجەلکە بۆ هیران" دەناسرێت، هەندێک کاری لێکراوە و جێهێڵدراوە. دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێن، خراپی ئەم رێگەیە زیانی زۆری بە ئۆتۆمبێلەکانیان گەیاندووە، بەتایبەتی کە رێگەیەکی سەرەکییە بۆ 7 گوندی دەوروبەر و رۆژانە هاتووچۆیەکی زۆری لێوە دەکرێت و پێویستی بە ئاوڕدانەوەی دەستبەجێیە.
جگە لە کێشەی رێگەوبان، قایمقامی شەقڵاوە ئاماژەی بە پڕۆژەیەکی نوێی سەوزایی لە ناوەندی قەزاکە کرد. سوارە ئەکرەم ئاشکرای کرد کە ئێستا کارکردن لە پڕۆژەی پارکێکی گەورە بە رووبەری 40 دۆنم بەردەوامە و گوتی: "بۆ قۆناخی یەکەمی ئەم پڕۆژەیە بڕی 200 ملیۆن دینار تەرخان کراوە و ئێستا لە قۆناخی جێبەجێکردن دایە."
سەبارەت بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی دیکەی ناوچەکە، قایمقامی شەقڵاوە مژدەی بە شۆفێران دا کە کارکردن لە جووتساید و تونێلی میراوە بەبێ وەستان بەردەوامە. سوارە ئەکرەم وادەی تەواوبوونی پڕۆژەکەی دیاری کرد و رایگەیاند: "پڕۆژەکە بە رێکوپێکی بەڕێوەدەچێت و بڕیارە لە رێککەوتی 15-10-2026 بە تەواوی کۆتایی بێت و بەڕووی هاتووچۆی شۆفێران دا بکرێتەوە."


