رووداو دیجیتاڵ
شارەوانیی هەولێر بڕیاری داوە لە بەرامبەر بەکارهێنانی توالێتە گشتییە نوێیەکاندا پارە لە هاونیشتمانییان وەربگرێت. لە کاتێکدا لە دهۆک تەنیا 2 توالێت هەن و بە پارەن، شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، هیچ توالێتێکی گشتییان نییە.
کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، رۆژی چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، بە رووداوی راگەیاند، دەرخستەیان بۆ دروستکردنی 14 توالێتی نوێ لە سەنتەری شار ئامادە کردووە کە نیوەیان بۆ پیاوان و نیوەکەی دیکەی بۆ ئافرەتان دەبێت.
ئێستا لە هەولێر 23 توالێتی گشتی هەن. سەرۆکی شارەوانی لەبارەی وەرگرتنی پارە، گوتی: "بۆ ئەوەی توالێتەکان هەمیشە بە پاکوخاوێنی بمێننەوە، تیمێکی تایبەت چاودێرییان دەکات، بۆیە پارەیەکی رەمزی لە بەکارهێنەران وەردەگیرێت تاوەکو بۆ خزمەتگوزارییەکان بەکاربهێندرێتەوە."
دهۆک؛ کەرتی تایبەت بەڕێوەیان دەبات
شێروان حەسەن، گوتەبێژی شارەوانیی دهۆک، بە رووداوی راگەیاند، لە سەنتەری شارەکەیان تەنیا 2 توالێتی گشتی هەن. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو توالێتانە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە دروستکراون و بەڕێوە دەبرێن، ئەوانیش لە بەرامبەر خزمەتگوزاریدا پارەیەکی رەمزی لە هاونیشتمانییان وەردەگرن.
سلێمانی؛ توالێتی شارەوانی نییە
ئەنجوومەن حوسێن، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی، بە رووداوی راگەیاند، لە ناو شاری سلێمانی هیچ توالێتێک نییە لەلایەن شارەوانییەوە دروستکرابێت.
گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی گوتی: "هاونیشتمانییانی ئێمە زیاتر توالێتی مزگەوت و مۆڵەکان بەکاردەهێنن؛ بە هیچ شێوەیەکیش لە سلێمانی پارە بۆ بەکارهێنانی توالێت لە کەس وەرناگیرێت و هەمووی بە خۆڕاییە."


