رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی خانکێ رایدەگەیێنێت، لیستی ناوی ئەو فەرمانبەرانەی کارتی زانیارییان لەسەر ناوچەکانی ماددەی 140ـە رەوانەی دهۆک کراوە بۆ وردبینی. دەشڵێت، بڕیارە لە کۆتایی مانگی 9ـی ئەم ساڵ پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری قەزای سێمێل و خانکێ دەستپێبکاتەوە.
زەردەشت شێخ شامۆ، بەڕێوەبەری ناحیەی خانکێ لە پارێزگای دهۆک، بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند، پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەپێی رێنماییەکانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران لە قۆناخی کۆتایی دایە. گوتیشی: "شارەوانیی شنگال ناوی هەموو ئەو فەرمانبەرانەی رەوانەی شارەوانیی دهۆک کردووە بۆ ئەوەی وردبینی بکرێن و بزانرێت کێ پێشتر سوودمەند بووە."
زیاتر لە 4000 فەرمانبەر چاوەڕێی زەوین
ژمارەیەک پێشمەرگە و فەرمانبەری حکومەتی هەرێمی کوردستان کە نیشتەجێی ناحیەکانی خانکێ و شاریان و کارتی زانیارییان لەسەر ناوچەکانی ماددەی 140ـە، لەرێگەی رووداوەوە نیگەرانیی خۆیان لە دواکەوتنی وەرگرتنی زەوی دەربڕی و داوایان کرد هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیکە مافەکانیان پارێزراو بێت.
بەڕێوەبەری ناحیەی خانکێ ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی لەم سنوورەدا فۆرمیان پڕ کردووەتەوە نزیکەی 4000 کەس دەبن. روونیکردەوە ناتوانرێت هەموو ئەو ژمارەیە تەنیا لە سەنتەری خانکێ نیشتەجێ بکرێن، بۆیە دابەشکردنەکە بەپێی پلانی شارەوانییەکانی دهۆک دەبێت.
زەردەشت شێخ شامۆ گوتیشی: "قۆناخی یەکەمی زەوییەکان لە خانکێ دابەشکراوە، ئێستا چاوەڕێی تەواوبوونی وردبینیی لیستە نوێیەکان دەکەین بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی قۆناخی دووەم بکەین."
سەبارەت بە کاتی رادەستکردنی زەوییەکان بە فەرمانبەران، ئیدارەی ناحیەکە مژدەی بە سوودمەندبووان دا و رایگەیاند: "هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە لە کۆتایی ئەم مانگەدا، لە سنووری قەزای سێمێل کە خانکێ و چەند شوێنێکی دیکەش دەگرێتەوە، قۆناخێکی دیکەی زەوی بەسەر فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکاندا دابەش بکەین."

