رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی ناوچەی باغەمرە لە قەزای قوشتەپە دەڵێن، ماوەی چەند مانگێکە بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنن و ناچارن ئاوی خواردنەوە بە تانکەر بکڕن. بەڕێوەبەری ئاوی قوشتەپەش دەڵێت، ئاستی ئاوی بیرەکان زۆر کەم بووەتەوە و هەوڵدەدەن ئاوی پڕۆژەی ئیفراز بۆ گەڕەکەکە رابکێشن.
شێروان سەعید، هاونیشتمانییەکی نیشتەجێی باغەمرەیە و بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، نیوەی ناوچەکەیان بە تەواوی بێ ئاوە و لە رۆژی بەر لە جەژنی قوربانیی ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا ئاویان پێ نەگەیشتووە. ئەو کە باوکی 7 منداڵە، دەڵێت: "تەنیا یەک بیرمان بۆ دانراوە کە بەشی هەموو ماڵەکان ناکات؛ بەهۆی دەستکورتییەوە ناتوانین بەردەوام بە تانکەر ئاو بکڕین."
دانیشتووانی باغەمرە ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆژەی ئاوی ئیفراز گەیشتووەتە نزیک گەڕەکەکەیان، بەڵام تاوەکو ئێستا بە ماڵەکانیان نەبەستراوەتەوە و دەڵێن: "تەنیا چاوەڕێی واژۆیەکین، بەڵام هیچ دیار نییە کەی تەواو دەبێت."
پشتیوان رەحمان، بەڕێوەبەری ئاوی قوشتەپە، بە رادیۆی رووداوی گوت: "لە باغەمرە بە راستی دۆخەکە خراپە؛ ئێمە لەو ناوچەیەدا 2 بیری ئاومان هەیە، بەڵام ئاستی ئاوەکەیان زۆر کەم بووەتەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە پچڕانی کارەبا بووەتە هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەی بڕی ئاوی بیرەکان.
بەڕێوەبەری ئاوی قوشتەپە ئاماژەی بەوەدا نووسراوی فەرمییان کردووە تاوەکو گەڕەکی ژین لە ناوچەی باغەمرە ببەسترێتەوە بە پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەولێر لە رێگەی دارەتووەوە، بەڵام دەڵێت، جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە پێویستی بە کات و بودجە هەیە.

