رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی کەسوکاری شەهیدان دەرکرد و لەسەر ئەو بنچینەیە کێشەی تاپۆکردنی زەوی سەتان خێزانی شەهید چارەسەر دەبێت.
رۆژی چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، رێبەر عوسمان، بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دا و ئیدی کێشەی سەتان کەس چارەسەر دەبێ."
رێبەر عوسمان دەڵێ: "پێش ساڵی 2007 لە رێگەی دەزگای شەهیدانەوە خانوو و شوقە بەسەر کەسوکاری شەهیداندا دابەشکرابوو، دواتر لە ساڵی 2012 ئەو خێزانانە زەوییان وەرگرتەوە، بەڵام کاتێک دەچوون بۆ مامەڵەی تاپۆکردنی زەوییەکان، شارەوانی پێی دەگوتن ئێوە پێشتر سوودمەند بوون، بۆیە زەوییەکانتان بۆ تاپۆ ناکرێ."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی شەهیدانی هەولێر گوتی: "دوای چەندین ساڵ، مەسرور بارزانی بڕیاری دا ئەو خانوو و شوقانەی پێش ساڵی 2007 وەرگیراون، بکرێنە مینحە و ببەخشرێن بە خێزانەکان، تاوەکو بتوانن زەوییە نوێیەکانیان تاپۆ بکەن."
پرۆسەی تاپۆکردنی زەوییەکان دەستپیدەکات و تەنیا لە هەولێر نزیکەی 500 کەس سوودمەند دەبن. رێبەر عوسمان ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارەکە کراوە دەبێت و دوای هەولێر، پارێزگاکانی دیکەش لێی سوودمەند دەبن.
.webp&w=3840&q=75)


