رووداو دیجیتاڵ
ئاگرێکی گەورە لە کۆگەیەکی سووتەمەنی لە تانجەرۆی سلێمانی کەوتەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاونیشتمانی بریندار بوون، کە "برینی یەکێکیان سەختە". تاوەکو ئێستاش نازاندرێ زیانە ماددییەکان چەندێک بووە.
بەپێی تۆمارێکی ڤیدیۆیی ساتی کەوتنەوەی ئاگرەکە، کە لە کامێرایەکی چاودێرییەوە تۆمارکراوە و دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، ئاگرەکە لە نزیک کاژێر 11:57ی شەوی 17ی ئابی 2026 کەوتووەتەوە.
تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی سلێمانی دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەستپێکرد، هێزە ئەمنییەکانیش بۆ کۆنترۆڵی دۆخەکە چوونە ئەوێ، داوایشیان لە هاونیشتمانییان کرد نزیکی شوێنەکە نەکەونەوە و ئاستەنگ بۆ تیمەکان دروست نەکەن، بۆئەوەی زوو کۆنترۆڵ بکرێت.
شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "لە دۆخی ئامادەییداین، بە هەموو کەلوپەلێکەوە ئەگەر بەڕێوەبەری گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان داوامان لێ بکات بۆ یارمەتیدانی برایانمان لە سلێمانی."
لەکاتی پەخشی راستەوخۆی رووداو لە شوێنی رووداوەکە، چەندین تەقینەوە لە کۆگاکە روویاندا و ئاگری گەورە کڵپەی دەکرد، ئەوەش بەهۆی ئەو سووتەمەنییەی نێو کۆگاکە بووە.
تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نازاندرێ، بەڵام شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە لە شوێنی نیشتەجێبوون دوور بووە. لەبارەی هۆکاری ئاگرەکەوە، رامیار رزگار، گوتەبێژی بازاڕی سووتەمەنیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "بە گوتەی شایەتحاڵەکان، هۆکارەکەی دەبەیەک بەنزین بووە، بەڵام هێشتا ئەوە پشتڕاست نەبووەتەوە."
سەبارەت بەوەی لەنێو کۆگاکەدا سووتاوە، گوتەبێژی بازاڕی سووتەمەنیی سلێمانی گوتی، "کۆگاکان لە تانجەرۆ نەفتا و بەنزینیان تێدایە، ئەوەی لەم کۆگایە بووە بەنزین بووە."
بە گوتەی رامیار رزگار، سووتانی ئەو کۆگایە "کاریگەریی لەسەر نرخی بەنزین نابێت" و "هیچ قەیرانێکی بەنزین نییە، وای لێهاتووە نۆرماڵ لە بازاڕدا نەماوە بەهۆی ئەو بەنزینە 750 دینارییەی حکومەت پاڵپشتیی دەکات."
شێخ عەبدوڵڵا جەلال، خاوەنی ئەو کۆگای لە سلێمانی سووتا قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "گاز و بەنزین لە کۆگاکەدا بووە و ئیشەڵڵا کاریگەریی لەسەر نرخی بەنزین نابێ."
لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی تەقینەوەی کۆگاکەوە بریندار بوون، دکتۆر هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "لە ئاگرەکەی تانجەرۆ هیچ کەسێک گیانی لەدەستنەداوە و 20 کەس بریندار بوون و برینی هەموویان سووکە."
دوای نزیکەی سێ کاژێر لە کەوتنەوەی ئاگرەکە، شاهۆ عوسمان جێگری پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئاگرەکە خەریکە بەتەواوی کۆنترۆڵ دەکرێ و تواندراوە رێگری لە تەشەنەسەندنی بکرێت.
بە گوتەی جێگری پارێزگاری سلێمانی، نزیکەی 25 کەس بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی کۆگاکەوە بریندار بوون، بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی هەرسێ نەخۆشخانەکانی شۆڕش، شار و سووتاوییەکە کراون، هەموویان برینەکانیان سووکە جگە لە یەکێکیان کە برینەکەی سەختە و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە. گوتیشی، "ئەگەر رێگری نەکرایە لە تەشەنەسەندنی ئاگرەکە، زیانی زیاتری دەبوو."
هەروەها شاهۆ عوسمان ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا ئاستی زیانەکان نازانن، پاش کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە تیمی تایبەت خەمڵاندن بۆ زیانەکان دەکەن.


