رووداو دیجیتاڵ
ئیدریس نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە منداڵانی شەهید موسا ئەنوەر و شەهید مژدە ئەسعەد کرد، کە لە هێرشێکی درۆنیدا لە سنووری هەولێر دایک و باوکیان لەدەستدا. ئیدریس نێچیرڤان بارزانی بڕیاری دا تەواوی تێچووی بژێویی ژیان و خوێندنی ئەو منداڵانە بگرێتە ئەستۆ.
رۆژی دووشەممە 17ی ئابی 2026، دەزگای روانگە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە هەولێر، ئیدریس نێچیرڤان بارزانی لەسەر بنەمای هەستێکی مرۆڤدۆستانە و بەرپرسیارێتیی نیشتمانی، لەگەڵ منداڵانی شەهید موسا کۆبووەوە."
ئەو منداڵانە لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنیدا لە گوندی زەرگەزەوی، دایک و باوکیان پێکەوە شەهید بوون.
لە دیدارەکەدا، ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، "تەواوی پێداویستییەکانیانی لە بژێویی ژیان و خوێندنیان گرتە ئەستۆی خۆی،" تاوەکو بتوانن لە ژینگەیەکی لەباردا درێژە بە ژیان و خوێندنیان بدەن.
بەرەبەیانی رۆژی 07-04-2026، درۆنێکی ئێران لە گوندی زەرگەزەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر، ماڵی موسا ئەنوەری تەمەن 39 ساڵ و هاوژینەکەی مژدە ئەسعەدی تەمەن 35 ساڵی کردە ئامانج، لە ئەنجامدا هەردووکیان شەهید بوون و دوو منداڵی تەمەن سێ و پێنج ساڵانیان لەدوای خۆیان جێهێشت.

.jpg&w=3840&q=75)

