رووداو دیجیتاڵ
لەسەر رێگەی گشتیی رانیە - دەربەند، ئۆتۆمبێلێک بەهۆی خێراییەوە کۆنترۆڵی لەدەستدا و خۆی بە چوار ئۆتۆمبێلی دیکەدا کێشا کە لە نۆرەی وەرگرتنی بەنزیندا بوون. پۆلیسی هاتووچۆی راپەڕین دەڵێت، رووداوەکە زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
رۆژی دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، نەقیب عەلی عەبدوڵڵا، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئۆتۆمبێلێک بە خێراییەکی زۆرەوە هاتووە و لەسەر رێگەی رانیە بۆ دەربەند، خۆی بە چوار ئۆتۆمبێلی دیکەدا کێشاوە کە لە نۆرەی وەرگرتنی بەنزیندا وەستابوون."
گوتەبێژی هاتووچۆی راپەڕین گوتی، ئەو شوێنەی بەنزینخانەکەی لێیە شەقامێکی گشتیی هاتووچۆیە و جەنجاڵی زۆری لەسەرە، بەڵام رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی و برینداری لێ نەکەوتووەتەوە و تەنیا زیانی مادی بەر ئۆتۆمبێلەکان کەوتووە.
دوای رووداوەکە تیمەکانی هاتووچۆ گەیشتوونەتە شوێنەکە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و ئاساییکردنەوەی هاتووچۆ لەو شەقامەدا.




