رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی چەمچەماڵ راگەیاند، جارێکی دیکە بوومەلەرزە لە قەزاکەیان روویدا. لێپرسراوی وێستگەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی چەمچەماڵ دەڵێت: "بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.1 پلەی رێختەر بووە، چەقەکەشی لە نزیک مێرگەپان و چیای دابان بووە."
رۆژی شەممە، 15ـی ئابی 2026، ئاسۆ بەکر، قایمقامی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بوومەلەرزەکە لە قەزاکەمان هەستی پێکراوە، بەڵام هیچ زیانێکی لێ نەکەوتووەتەوە."
قایمقامی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەش کرد، پلەی ئەم بوومەلەرزەیە لەوەی پێشوو کەمتر بووە و تیمەکانیان بۆ هەر ئەگەرێک و زانیارییەکی زیاتر لە بەدواداچوون بەردەوامن.
محەممەد حەمید، لێپرسراوی وێستگەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، کاژێر 09:23 خولەکی ئەمشەو بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.1 پلە چەمچەماڵی هەژاندووە."
سەبارەت بە وردەکاریی بوومەلەرزەکە، لێپرسراوی وێستگەی کەشناسی دەڵێت، کە چەقی بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 25 کیلۆمەتری زەوی بووە و شوێنەکەشی کەوتووەتە نزیک مێرگەپان و چیای دابان.
ئەمە لە کاتێکدایە بەرەبەیانی هەینی لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری لەگەڵ روودانی بوومەلەرزەیەک، دەنگیش بیسترا.
د. لوقمان موفتی، شارەزای بوومەلەرزەزانی و کەشوهەوا، ئەو کات بە رووداوی گوت: "بوومەلەرزەکە کاژێر 01:27ـی بەرەبەیانی روویداوە، پلەکەی چوار پلە بووە بە پێوەری رێختەر، لە قووڵایی نزیکەی 11 کیلۆمەتر لە نێوان چەمچەماڵ و سەنگاو لە سنووری پارێزگای سلێمانی روویداوە."
سەنتەری بوومەلەرزەزانیی ئەورووپا و دەریای نێوەڕاست (EMSC) رایگەیاند، بوومەلەرزەکەی قەزای چەمچەماڵ 3.9 پلە بووە و بە قووڵایی 10.6 کیلۆمەتر لەژێر زەوییەوە بووە.




