رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکی دارەتووی نوێ لە هەولێر بێئاوین و دەڵێن، ناچارن بە تەنکەر ئاو بکڕن. بەڕێوەبەری ئاوی هەولێریش رایدەگەیێنێت، کێشەکە پەیوەندی بە کارەباوە هەیە و لەمەودوا رۆژناڕۆژێک ئاو بەسەر گەڕەکەکەدا دابەش دەکرێت.
رێبوار محەممەد، نیشتەجێی گەڕەکی دارەتووی نوێ لە رێگەی رووداوەوە هاواری بێئاوی گەیاندە لایەنە پەیوەندیدارەکان و گوتی: "20 رۆژە نزیکەی 15 ماڵین لە گردی عەلی مەولان ئاومان بۆ بەرنەدراوەتەوە. لەم ماوەیەدا 60 هەزار دینارم بە ئاو داوە."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، چەند جارێک سەردانی فەرمانگەی ئاوی دارەتوویان کردووە، بەڵام بە گوتەی ئەو: "هەر ئەمڕۆ و سبەی دەکەن و دەڵێن کێشەکە کارەبایە. داواکارین چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە بدۆزرێتەوە، چونکە توانامان نەماوە."
ئەندازیار رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند، بڕینی زۆری کارەبا بووەتە هۆی دروستبوونی ئەم کێشەیە و گوتی: "سیستەمی دابەشکردنی ئاو وەکو پێشتر بە شێوازی 24 کاژێری نەماوە. لەبەرئەوەی کارەبا یەکجار زۆر دەبڕێت، ئاستەنگی زۆری دروستکردووە."
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ ئاسانکاری و چارەسەری کاتی، خشتەی دابەشکردنی ئاویان بەشێوازی رۆژناڕۆژ دیاری کردووە و گوتی: "تاوەکو دە رۆژی دیکە لەمە زیاترمان پێ ناکرێت، تواناکە هەر ئەوەندەیە، بەڵام دوای ئەوە و بە جێگیربوونی دۆخی کارەبا، دابەشکردنی ئاو ئاسایی دەبێتەوە."


