رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گەڕەکەکانی ئازادی نوێ و تەعجیل لە ناحیەی شەمامکی سەر بە پارێزگای هەولێر، زیاتر لە 15 ساڵە بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە دەناڵێنن. زیاتر لە 2 ساڵیشە پڕۆژەی قیرتاوکردن و راکێشانی ئاوەڕۆی سندووقی لە گەڕەکەکانیان وەستاوە، ئەمەش ژیانیانی سەختکردووە، لە هاویندا بۆنی پیس و تۆز و خۆڵ و مێشوولە، لە زستانانیشدا قوڕ و لیتە هاتووچۆی لێبڕیون.
کۆڵانەکانی ئەم دوو گەڕەکە کە نزیکەی هەزار و 500 ماڵی تێدایە، لە هەندێک شوێن زیاتر لە مەترێک هەڵکەندراون و دەرگەی ماڵان لە هەوادا ماونەتەوە، بەهۆیەوە دانیشتووان ناچاربوونە پەیژە و بلۆک لە بەردەم ماڵەکانیان دابنێن.
بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی رووداو بەشێوەیەکی مەیدانی لەو دوو گەڕەکەی شەمامک لەلایەن شەهیان تەحسینەوە پێشکێشکرا.
نەبوونی خزمەتگوزاری کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی رۆژانەی منداڵان و قوتابییان داناوە. قوتابییەک باسی نەهامەتییەکانی لە بەرپرسیار کرد و گوتی، "تاوەکو گەیشتمە قوتابخانە نیوەی لەشم بووە قوڕ، مامۆستا دەریکردم. لەبەر قوڕ لە قوتابخانە دەرکرام و ئیتر نەگەڕامەوە."
قوتابییەکی دیکە دەڵێت، "پارساڵ لە رێگەی قوتابخانە بەهۆی قوڕ و لیتەوە کەوتم و دەستم شکا. عەلاگە لە قاچدەکەین بۆ ئەوەی قاچمان بە قوڕ نەبێت تاوەکو دەگەینە قوتابخانە."
گواستنەوەی قوتابییانیش بووەتە کێشەیەکی دیکە. دەشتی، شۆفێری پاس، دەڵێت، "رۆژانە سێ جار لە کۆڵانەکان ئۆتۆمبێلەکانمان حاسێدەبن و بە راکێشان دەریاندەهێنین. زۆر رۆژ تاوەکو قوتابییەکان دەگەیەنینە قوتابخانە، وانەیان دەفەوتێت."
دۆخەکە تەنیا بە قوڕ و لیتەی زستان کۆتایینایەت. لە هاویندا، ئاوی پیسی ماڵان لە کۆڵانەکاندا کۆدەبێتەوە و دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش و مێشوولە. ژنێکی دانیشتووی گەڕەکی ئازادی نوێ گوتی، "مار و دووپشک ئێمەی خوارد. لە کۆڵانەکەی ئێمە چاڵێکی قووڵ هەیە و چوار جار کوڕەزاکەم کەوتووەتە ناوی، ئەگەر ئاگاداری نەبوومایە دەخنکا."
سەختیی ژیان وای لە دانیشتووان کردووە بیر لە جێهێشتنی گەڕەکەکانیان بکەنەوە، بەڵام خانووەکانیان نافرۆشرێن. مام خالید، دانیشتوویەکی گەڕەکی ئازادییە، گوتی، "سێ مانگە تابلۆی فرۆشتنم بە خانووەکەمەوە هەڵواسیوە، کەس نایکڕێت. تابلۆکە با بردی و رۆیشت." هاونیشتمانییەکی دیکەش دەڵێت، "هەموومان تووشی نەخۆشیی دەروونی بووین. خانووەکانمان هەمووی تەقیون و کەس فلسێک بە خانوو نادات."
دانیشتووان باس لەوەدەکەن کە چەندین جار سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکانیان کردووە، بەڵام بێسوودبووە. یەکێکیان دەڵێت، "دەچینە لای بەڕێوەبەری ناحیە، دەڵێت هیچم بەدەست نییە. چەندین جار چووینەتە شارەوانی کە بەرامبەر گەڕەکەکەیە، بەڵام کەسیان وەڵاممان نادەنەوە."
پڕۆژەکە لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێرە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێرەوە جێبەجێدەکرێت.
گەیلان محەممەد، بەڕێوەبەری بەشی هونەری لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، بە رووداوی راگەیاند، "پڕۆژەکە سێ بەڵێندەری هەبووە. یەکێکیان سزادراوە و دوو بەڵێندەرەکەی دیکە کارەکانیان تەواونەکردووە و پارەیان لای حکومەت ماوە."
بەگوتەی گەیلان محەممەد، "پارەی پڕۆژەکە بەشی چاککردنی کۆڵان و دروستکردنی ئاوەڕۆکەی نەکرد، بۆیە بڕیارماندا تەنیا کۆڵانەکان چاکبکەین، بەڵام بەڵێندەر جێیهێشت."
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێستا پڕۆژەکە لە قۆناخی وەرگرتنەوەیە لە بەڵێندەر و ئەگەر بودجە هەبێت، بەشێوەی راستەوخۆ جێبەجێدەکرێت."
لە گەڕەکی تەعجیل لە کۆی 20 هەزار مەتر دووجا شەقام و 650 مەتر ئاوەڕۆی سندووقی، تەنیا 30%ـی کارەکان کراون. لە گەڕەکی ئازادی نوێش، لە کۆی 24 هەزار و 400 مەتر دووجای پڕۆژەی قیرتاوکردن، تەنیا 25%ـی کارەکان کراون و هەردوو پڕۆژەکە راگیراون.

