رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لێدوانێکی بڵاوکراوە بەناوی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەکە لەبارەی بڕینی دار لە ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ تورکیا رەتدەکاتەوە و بە "دروستکراو" ناوی دەبات.
رۆژی یەکشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، راگەیاندنی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بڵاویکردەوە، چەند رۆژێکە بە "نەزانی بێت یان بە ئەنقەست" لە بەشێک لە ماڵپەڕ و پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا لێدوانێک بەناوی سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت سەبارەت بە بڕینی دار لە ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ تورکیا بڵاوکراوەتەوە، کە گوایە "بڕینی دارەکان بە ئاگاداریی حکومەتی هەرێمی کوردستانە".
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "تەواوی ئەو لێدوانانەی بەناوی بەرپرسی فەرمانگە بڵاوبووەتەوە هیچ بنەمایەکی راستیی نییە و دروستکراوە و لەم ماوەیەدا هیچ لێدوانێکی لەم جۆرەی نەداوە."
وەک بیرخستنەوەیەک بۆ هەڵوێستی فەرمیی حکومەت، فەرمانگەکە ئاماژەی بە لێدوانێکی پێنج ساڵ لەمەوبەری سەفین دزەیی کردووە کە لە 7ـی حوزەیرانی 2021 بە بەشی کوردیی دەنگی ئەمریکای گوتبوو: "داربڕینەوە کارێکی ناڕەوا و ناپەسەندە و دوورە لە هەموو عورف و عاداتی دیپلۆماسی و دراوسێتی و بە هەموو شێوەیەک قبووڵکراو نییە."
هەر ئەوکات بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە رایگەیاندبوو: "ئێمە ناڕەزایەتیی خۆمان بە چەندین رێگەی تایبەت و فەرمی ئاراستەی لایەنی تورکی کردووە."
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هیوای خواستووە هەندێک لە ماڵپەڕ و پلاتفۆرمەکان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و لێدوانەکاندا وردتر بن، تاوەکو "نەبنە سەکۆیەک بۆ شێواندنی راستییەکان و دروستکردنی بێمتمانەیی لە کۆمەڵگەدا."
چەند رۆژێکە چەند گرتە ڤیدیۆیەک بڵاوبوونەتەوە کە چەندین بارهەڵگر دار دەگوازنەوە، دەنگۆکان وابڵاوکراونەتەوە، کە گوایە ئەم دارانە لە سنووری پارێزگای دهۆک لەلایەن تورکیاوە دەبڕێنەوە.
لەوبارەیەوە ئەمڕۆ عەلی تەتەر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بۆ چەند رۆژێک بە شێوەیەکی زۆر ورد، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، بەدواداچوونیان بۆ ئەم بابەتە کردووە و "هەموو بەڵگەکان لەبەردەستدان کە ئەم دارانە لە ناو خاکی تورکیا دەبڕدرێن و تەنانەت لەسەر سنووریش نین، بەڵکو لە سنوورەکان دوورترن."



