رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، وەزیری دارایی پێش پێشکەشکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەی، لیستی مووچەی مانگی ئەیلوولی واژۆ کردووە و هۆکار نەبووە بۆ دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران.
رۆژی یەکشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەکدا رایگەیاند: "وەزیری دارایی و ئابووری، پێش پێشکەشکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەی، سەرجەم کارە پێویستەکانی تاوەکو 29ـی ئەیلوول جێبەجێ کردووە، لەوانەش واژۆکردنی لەسەر ناردنی لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول."
وەزارەتەکە رەتیدەکاتەوە وەزیر هۆکار بووبێت بۆ دواکەوتنی ئامادەکردنی لیستی مووچە و دەڵێت: "تەنانەت بۆ یەک رۆژیش پڕۆسەکەی پەک نەخستووە."
سەبارەت بە بەردەوامیی کارەکانی، لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە کە وەزیر لەسەر هەڵوێستەکەی و دەستلەکارکێشانەوەکەی سوورە و "هیچ کارێکی دیکەی فەرمیی دوای 29ـی ئەیلوول لەو پۆستەدا نەکردووە و نایکات."
رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هۆکاری سەرەکیی دەستلەکارکێشانەوەکەی راگەیاند: "دەستلەکارکێشانەوەم دەگەڕێتەوە بۆ دەستوەردانی نەرێنی ئیدارەی سلێمانی لە کاروباری فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەت، تاوەکو گەیشتە ئەو رادەیەی لە رێگەی ئیرهاب و هەڕەشەکردن بە کۆماندۆ و دژەتیرۆر و ئاسایشەوە، لە 29ـی ئەیلوولی 2026 ئیعاز درا بە فەرمانگەکانی وەزارەت لە سنووری سلێمانی کە هەر فەرمانبەرێک پابەند بێت بە فەرمان و بڕیارەکانی وەزیری دارایی و ئابووری، سزا دەدرێت."
ئاوات شێخ جەناب باسی لەوەکردووە، لە کەشوهەوایەکی لەو شێوەیە دا ناتوانێت کار بکات و وەک تەماشاکەر سەیری فەرمانبەرەکانیان بکات، بۆیە دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە.
ئەم مانگە بەراورد بە مانگی رابردوو لیستی مووچە نزیکەی 12 رۆژ دواکەوت، ئەمڕۆ لیستی مووچە بۆ بەغدا نێردرا و سبەی 5ـی مانگ رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکرێت، لە کاتێکدا لیستی مووچەی مانگی ئاب و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی تەممووز لە 23-08-2026 رەوانەی بەغدا کران.



