رووداو دیجیتاڵ
بەبۆنەی رۆژی جیهانی و رۆژی مامۆستایانی کوردستان، مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا حەوت داواکاریی سەرەکی ئاراستەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران دەکات؛ لە سەرووی هەمووشیانەوە دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە، گەڕاندنەوەی مووچە پاشەکەوتکراوەکان و بەهەمیشەییکردنی مامۆستایانی گرێبەست.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، یەکێتیی مامۆستایان بەبۆنەی 5ی تشرینی یەکەم (رۆژی جیهانیی مامۆستایان) و 6ی تشرینی یەکەم (رۆژی مامۆستایانی کوردستان)، لەژێر دروشمی "پەروەردە سەرچاوەی گۆڕانکارییە باشەکانە و مامۆستاش سەرمەشقێتی"، پەیامێکی بڵاوکردەوە و سوپاسی پشوودرێژیی مامۆستایانی کرد کە سەرەڕای تەنگژە ئابوورییەکانی 12 ساڵی رابردوو، بەردەوامییان بە پرۆسەی پەروەردە داوە.
حەوت داواکارییەکەی یەکێتیی مامۆستایان بۆ حکومەت:
- گەڕاندنەوەی پاشەکەوت: سەرجەم ئەو مووچانەی لە رابردوودا پاشەکەوت کراون یان نەدراون، بخرێنە سەر هەژماری بانکیی تایبەتی مامۆستایان.
- دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە: کاراکردنەوەی شایستەی دارایی پلەبەرزکردنەوە کە لە 1ی شوباتی 2016ـەوە راگیراوە.
- هەمیشەییکردنی گرێبەستەکان: سەرجەم مامۆستایانی گرێبەست بکرێنە هەمیشەیی، هاوکات وانەبێژانیش بکرێنە گرێبەست بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی میلاکات.
- خزمەتگوزاری بۆ زەوییەکان: بەردەوامیدان بە دابەشکردنی زەوی و گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ ئەو زەوییانەی پێیان دراوە.
- یاسای پارێزبەندی: داوا لە پەرلەمانی کوردستان دەکرێت لە خولی داهاتوودا چاو بە رەتکردنەوەی پڕۆژەیاسای پارێزبەندیی مامۆستایاندا بخشێنێتەوە و پەسندی بکات.
- بودجە و دەسەڵاتی زانکۆکان: تەرخانکردنی بودجەی شایستە بۆ وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، لەگەڵ پێدانی دەسەڵاتی زیاتر بە زانکۆکان.
- بەشداریکردن لە بڕیارەکاندا: نوێنەرایەتیکردنی یەکێتیی مامۆستایان لە سەرجەم ئەنجوومەن و لیژنە باڵاکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان سوورە لەسەر بەدەستهێنانی مافە دارایی و پیشەییەکانی سەرجەم مامۆستایان بۆ مسۆگەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆیان."



