رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەڵبژاردنی جڤاتی بزووتنەوەی گۆڕانی پەسند کردووە و تەنیا هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی هەڵوەشاندووەتەوە. هاوکات، دەرگای ئاشتبوونەوە بۆ باڵەکەی دیکەی گۆڕان دەکاتەوە و دەڵێ، "هیوادارین جارێکی دیکە لە یەک سەنگەردا کۆببینەوە."
بەشێک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە کەرکووک کۆنفرانسێکیان بەست و تێیدا دەستەی بەڕێوەبردنی نوێیان هەڵبژارد. دواتر، ناکۆکییەکانی نێو بزووتنەوەکە زیاتر بوون و بوونە دوو باڵی سەرەکی: باڵی گردی زەرگەتە و باڵی کۆنفرانسی کەرکووک (کوردسات).
مونیرە عوسمان، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات سەبارەت بە بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی کۆنفرانسەکەیانەوە، گوتی، "کۆمیسیۆن دانی بە کۆنفرانسەکەدا ناوە و ئەو لایەنە بە شەرعی دەزانێت کە لەناو کۆنفرانسدا دەستوور و جڤاتەکەی هەڵبژێردراون." گوتیشی، "تەنیا هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی هەڵوەشێنراوەتەوە و داوا کراوە کۆنفرانسێکی دیکە تەنیا بۆ هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی ببەسترێت."
سەرچاوەیەک لە بزووتنەوەی گۆڕان بە رووداوی گوت، دوای بڕیارەکەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بڕیارە دانا ئەحمەد مەجید، لە ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق تانە لە بڕیارەکەی کۆمیسیۆن بدات.
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا رۆژی بەستنی کۆنفرانسە نوێیەکە دیارینەکراوە، بەڵام "دامەزراوەکانی بزووتنەوەی گۆڕان خەریکی ئامادەکارین بەپێی ئەو رێکارانەی کۆمیسیۆن بۆی دایناوین."
سەبارەت بە ناکۆکییەکانیان لەگەڵ باڵەکەی دیکەی گۆڕان کە لە گردی زەرگەتەن، مونیرە عوسمان بە زمانی ئاشتەوایی قسەی کرد و گوتی، "ئەو هاوڕێیانە، هاوڕێی ئێمەن و خەباتێکی دوور و درێژی چەندین ساڵەمان پێکەوە کردووە." ئەو ناکۆکییەکانی بە "جیاوازیی بیر و بۆچوون" لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی گۆڕان ناوبرد و رایگەیاند، "ئەمە ناکاتە ئەوەی کە ئێمە ناکۆکیی ئێجگار قووڵمان هەبێت کە نەتوانین دووبارە پێکەوە کاربکەینەوە."


