رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی دەڵێت، بۆ دابەشکردنی مووچەی گرێبەستەکان لەگەڵ بانکەکان لەسەرهێڵن. نوێنەرێکی گرێبەستەکانیش رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی نۆیان پێ دەدرێت.
کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری گرێبەستەکانی وەزارەتی پەروەردە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 14-10-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەرپرسانی وەزارەتی دارایی دڵنیاییان پێداوین کە لە هەفتەی داهاتوودا مووچەی هەموو گرێبەستەکان کە لەسەر داهاتی نێوخۆن دابەش دەکرێت".
هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، کارکردن لەگەڵ بانکەکان لە پارێزگاکان دەستی پێکردووە و هەفتەی داهاتوو مووچەی گرێبەستەکان دابەش دەکرێت.
زۆرینەی گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان مووچەیان لەسەر داهاتی نێوخۆیە، لەگەڵ فەرمانبەرانی دامەزراودا مووچە وەرناگرن و مانگانە مووچەکەیان دوا دەکەوێت.
رۆژی یەکشەممە، 11-10-2026، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نۆی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرا و ئەمڕۆ چوارشەممە، 14-10-2026، دوایین رۆژی دابەشکردن بوو.
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 87 هەزار فەرمانبەری گرێبەست هەن؛ زیاتر لە 57 هەزاریان مووچەیان لەسەر داهاتی نێوخۆیە و 30 هەزاریان لە بەغداوە مووچەیان بۆ دەنێردرێت.
گرێبەستەکان زۆرینەیان پێشتر وانەبێژ بوون لە وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2024 بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرانە گرێبەست.



